رەئیسی بۆ سودانی: بوونی بیانییەکان لە ناوچەکە نابێتە هۆی به‌دیهاتنی ئارامی

‌رەئیسی و سودانی

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ سه‌ردانی تارانی كرد و دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری ئێران، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییان ساز كرد.

له‌ كۆنگره‌كه‌دا كه‌ دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سازكرا، ئیبراهیم ڕەئیسی، سه‌رۆك كۆماری ئێران روی له‌ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق كرد و وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی لە سەفەری ناوبراو بۆ ئێران، وتی: پێوەندییەکانی ئێران و عێراق پێوەندییەکی ئاسایی نییە.

" ئێمە لە بواری بازرگانی، فەرهەنگی، ترانزیت، زانستی و تەکنۆلۆژیا و بەرەنگار بوونەوەی تیرۆریزم هاوکاریمان هەیە و هیوادارین کە ئەو هاوکارییە گەشە بکات، لە ڕوانگەی ئێمە و دەوڵەتی عێراقەوە ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکە زۆر گرینگە و کەواتە بەرەنگار بوونەوەی مادەی هۆشبەر، تیرۆریزم و تاوانە ڕێکخراوەییەکان لە ڕیزی ڕێککەوتن و هاوبەشییەکانی نێوان دوولایەنەکەیە."، ره‌ئیسی وای وت.

سه‌رۆك كۆماری ئێران له‌ كۆگره‌كه‌دا وتیشی: بوونی بیانییەکان لە ناوچەکە نابێتە هۆی ئاسایش و ئارامی و تەنیا کێشە دروست دەکات، هەر به‌وجۆرەی کە بوونی ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان و ناوچەکانی دیکەی جیهان ئاسایشی دروست نەکرد لە عێراقیش ئەو بوونە، ناتوانێت ئاسایش بهێنێت و چوونە دەرەوەیان لە ناوچەکە زۆر گرنگە.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وتی: سه‌ردانه‌كه‌ بۆ تۆکمە کردنەوەی په‌یوەندیی مێژوویی نێوان ئێران و عێراقە، دەوڵەتی عێراق هیچکات هاوكارییه‌كانی گەل و دەوڵەتی ئێران لە ساڵانی ڕابردوو بەتایبەتی لە ساڵی 2003 بەدواوە لە شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش لە بیر ناکات.


PM:03:43:29/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت