وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق: پێدەچێت پایزی ئەم ساڵ وشک بێت

‌وشکەساڵیی

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێ شەممە، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، رایگەیاند پایزی ئەماساڵ وشک دەبێت و  داوای لەو لایەنانە کرد، کە ئاو بەکاردەهێنن، بەتایبەت وەزارەتی کشتوکاڵ، کۆمەڵە جوتیارییەکان، حکومەتە خۆجێیەکان، وەزارەتی نیشتەجێکردن و ئاوەدانکردنەوە، شارەوانییەکان، ئەمانەی بەغداد، کە پاڵپشتیی تەواوی بکەن لە رووبەڕووبوونەوەی کەم ئاویدا، ئەویش بە پێدانی رێنمایی لە بەکارهێنانی ئاودا.

شانەی راگەیاندنی حکومەتی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەپێی بەدواداچوونەکان لە رێگای مانگە دەستکردەکانەوە، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ئەم ساڵ پایزەکەی وشک بێت، ئەمەش "هەڕەشەیە بۆ سەر کشتوکاڵ".

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە پێویستە لەسەر هەمووان و ئەو دامودەزگایانەی ئاو بەکاردەهێنن، رێنمایی بکرێن لە بەکارهێنانی ئاودا، "تا ئەم قەیرانی وشکەساڵییە تێپەڕێنین، کە جیهان و عێراق پیایدا تێدەپەڕێت".

هەروەها داواشی لە هاوڵاتیان و دامودەزگاکان کرد، پاشەڕۆ و خاشاک فڕێنەدەنە جۆگا و رووبارەکانەوە، تا ژینگە ئاوییەکان پیس نەکەن.

جێگای ئاماژەیە عێراق بەهۆی کەم بارانی و گرتنەوەی بڕێکی زۆری ئاوی رووبارەکان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، بەدەست کەمی ئاوییەوە دەناڵێنێت. ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی کردۆتە سەر کشتوکاڵ.


PM:03:29:27/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 1008 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو