مەسرور بارزانی: بە دووسایدکردنی رێگە و شەقامەکانی زاخۆ، کاریگەری لەسەر جووڵەی بازرگانی دەبێت

‌مەسرور بارزانی، لە دانانی بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەک لە زاخۆ

وێستگه‌نیوزـ

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی چەندین پرۆژی ستراتیژی لە زاخۆ، رایگه‌یاند، بەدووسایدکردنی رێگە و شەقامەکانی زاخۆ، کاریگەری لەسەر جووڵەی بازرگانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی ئەیلولی 2022، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە کوژمەی 26 ملیار و 500 ملیۆن دینار دادەندرێت.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی ئەو پڕۆژانە، وتارێکی پێشکەشکرد و رایگه‌یاند: "زاخۆ ناوچەیەکی گرنگە بۆ ئێمە و لە شۆڕشەکانی کوردستان قوربانی زۆری داوە، خەڵکێکی زۆری خاوەن شەهیدی تێدایە، بۆیە هەر شتێک بۆ ئەوان بکرێت حەقی خۆیانە".

سەرۆکی حکومەتی هه‌رێم لە وتارەکەیدا باسی گرنگی زاخۆی لە رووی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و گەشتوگوزارەوە کرد و وتی، "بەدووسایدکردنی رێگە و شەقامەکانی زاخۆ، کاریگەری لەسەر جووڵەی بازرگانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەبێت".

وتیشی: "زاخۆ لە رووی گەشتوگوزاریشەوە ناوچەیەکی دڵڕفێنە، بەڵام بەداخەوە بە هۆی شەڕەوە ناتوانین زۆر شوێن ئاوەدان بکەینەوە، هیوادارین رێز لە سەروەری خاکمان بگرن، بۆ ئەوەی خەڵکمان بگەرێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و پڕۆژەی زیاتری گەشتوگوزاری جێبەجێ بکەین".

ئەو پڕۆژانەی ئەمڕۆ بەردی بناغەیان دادەندرێن بریتین لە: دروستکردنی جووتسایدی ئیبراھیم خەلیل – باچیکا، جووتسایدی سەرەکی شارەدێی دەرکار، جووتسایدی باتیفا، دروستکردنی قوتابخانەیەک لە گەڕەکی ئەردەوان لە زاخۆ، دروستکردنی قوتابخانە لە گوندی دەشتمرێ و نۆژەنکردنەوەی بازاڕی کۆنی زاخۆ.


AM:11:36:27/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو