ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی خۆپیشاندانی ناڕەزایی ئەنجام دەدەن


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی خۆپیشاندانی ناڕەزایی ئەنجام دەدەن. دەشڵێن، "مەبەستی خۆپیشاندانەکە وەبیرهێنانەوەی داواكارییە سەرەكییەكانی خوێندكاران، فەرمانبەران و مامۆستایانە".


ئەنجومەن و ستافی ناڕازیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی شەوی سێشەممە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژە بەوە دەکات، "ڕۆژی چوارشەممە خۆپیشاندانی مامۆستا و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی ئەنجام دەدرێت و مەبەستی وەبیرهێنانەوەی داواكارییە سەرەكییەكانی خوێندكاران، فەرمانبەران و مامۆستایان، بە ڕێپێوان بەرەو نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت، بەڕێدەكەوین."  


باس لەوەش کراوە، " هەر ئەگەرێكی نەخوازراو بۆ سەرەتای خوێندنی ئەمساڵ دروستبێت، لە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەكانە."   

 
دەقی ڕاگەیەنراوی ئەنجومەن و ستافی ناڕازیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی

مامۆستایان، فەرمانبەران، خوێندكاران  

سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت.  

بابەت: رێپێوانێك بە چەتری سپییەوە.  

سبەینێ چوار شەممە، بەرواری ١٧/ ٨/ ٢٠٢٢ كاتژمێر ٩ی بەیانی، لەبەردەم پرسگەی سەرەكی (شەقامی راپەڕین) زانكۆی سلێمانی گرددەبینەوە. پاشان، بە مەبەستی وەبیرهێنانەوەی داواكارییە سەرەكییەكانی خوێندكاران، فەرمانبەران و مامۆستایان، كە لە لۆگۆی دوا نارەزایەتیەكاندا ئاماژەیپێدراوە، بە ڕێپێوان بەرەو نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت، قوباد تاڵەبانی، بەڕێدەكەوین. هەروەها ئاگاداركردنەوەیانە لە دوا وادەی وەڵامدانەوەی داواكارییەكان، كە ٣٠/ ٨/ ٢٠٢٢ ە.  

لە ماوەی ساڵانی رابردووشدا، تاوەكو لەگەڵ وەرزی نوێی خوێندندا كێشە بۆ دەوام دروست نەبێت، هەمیشە پێش دەستپێكی دەوام هەوڵی چارەسەركردنی كیشە داراییەكانمان داوە. بەڵام بەداخەوە وەك پیشەی هەمیشەییان، دەسەڵات بێ خەم بووەو بێ وەلام بووە . هەربۆیە، هەر ئەگەرێكی نەخوازراو بۆ سەرەتای خوێندنی ئەمساڵ دروستبێت، لە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەكانە.  

سەركەوتو سەرفراز بن.  

تێبینی: بۆ خۆپارێزیی لە گەرما، چەتری سپی بۆ ئامادەبووانی خۆپیشاندانەكە دابینكراوە.  

ئەنجومەن و ستافی ناڕازیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی. 


AM:08:50:17/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت