کازمی دەستپێشخەرییەک بۆ دیالۆگی نیشتیمانی نێوان لایەنە ناکۆکەکان ڕادەگەیەنێت


وێستگەنیوز-

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێشخەرییەک بۆ دیالۆگی نیشتیمانی نێوان لایەنە ناکۆکەکان ڕادەگەیەنێت.


مستەفا کازمی، لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، "لەڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی بۆ عێراقییەكان و پاراستنی یەكێتی و ئاسایش و ئارامی وڵات، بانگهێشتی هەموو سەركردەی لایەنەكان دەكات، بۆ ئەوەی سبەینێ‌ چوارشەممە لەكۆبونەوەیەكی تایبەتدا گفتوگۆی نیشتیمانی ڕاستەقینە و هەنگاوی هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتوو هەڵبنێن و ئامادەی بن لە كۆشكی حكومەت بۆ سازدانی كۆبوونەوەیەكی نیشتمانی".

وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، "ئامانجی كۆبونەوەكەی سبەینێ‌ چوار شەممە بۆ دەستپێكی گفتوگۆی ڕاستەقینە و بیركردنەوەی هاوبەشە، ئەمەش لەپێناوی دۆزینەوەی چارەسەرێكە بۆ كێشە سیاسییەكان، كرانەوەی چەقبەستنی سیاسی و چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستور و بەرژەوەندییە باڵاكانی، وڵات بەرەو ئارامی دەبات، كۆبونەوەكەش دەبێتە مایەی كەمكردنەوەی گرژییەكان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان".

كازمی داوای لە لە هەموو لایەنەكان كرد، گرژیی جەماوەریی و میدیایی ڕابگرن و دەرفەت بڕەخسێنن بۆ هێوربونەوە دۆخەكە و گفتوگۆی نیشتمانی، چونكە بە وتەی ئەو”عێراق ئەمانەتێكە لە گەردنی هەموو لایەك و بەرژەوەندی وڵاتیش ئەوە دەخوازێت هەموان ڕێگربن لە دروستبونی ئاژاوە و ناكۆكی زیاتر”.

مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەش کردووە، "دامەزراوەكانی دەوڵەت، هێزە ئەمنی و سەربازییەكان، هێزی پاراستنی نیشتمانن و نابن بەبەشێك لە ململانێ سیاسییەكان، بۆیە هەموو هەوڵێك دەخەنەگەڕ، تا ململانێ سیاسییەكان كاریگەریی لەسەر هاوڵاتیان و ئاسایش دروستنەكەن، داواش دەكەن میدیاكان هاوكاربن لە قوڵكردنەوەی گیانی نیشتمانی و هاوكاری دەوڵەت بن لە زامنكردنی سەقامگیریی و ئارامی".


PM:08:50:16/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت