هاوپەیمانیی فەتح: تەنها یەک رێگاچارەی قەیرانەکانی عێراق هەیە


وێستگەنیوز-

ئەندامی هاوپەیمانیی فەتح موختار ئەلموسەوی، ئەمڕۆ سێ شەممە، باسی لە رێگاچارەی قەیرانە سیاسییەکەی عێراق کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە تەنها یەک رێگاچارەی قەیرانەکان هەیە. 

موسەوی لە لێدوانێکیدا بۆ سۆمەریە نیوز، وتی، تاکە چارەسەری گونجاو خزمەت بە هەموو لایەنەکان بکات، بە رەوتی سەدرییشەوە، بەستنی دانیشتنێکی پەرلەمانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، ئەویش بە رێکەوتنی حیزبە کوردییەکان. پاشان سەرۆک وەزیران هەڵبژێردرێت و حکومەت پێکبهێنرێت.

لە درێژەی قسەکانیدا موسەوی ئاماژەی بەوەدا، کە دوای سێ سەرۆکایەتییەکە، پەرلەمان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و وادەی هەڵبژاردنی نوێ دیاری بکرێت، تا ئامانجی هەموو لایەنە سیاسییەکان بێتەدی، بەتایبەت رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیی و وتی: "ئەنجومەنی نوێنەران بەهیچ رێگایەکی تر هەڵناوەشێتەوە، بەوپێیەی دادگای فیدرالی و سەرۆکایەتیی کۆمار لە دەسەڵاتیاندا نییە ئەو کارە بکەن".

لە کۆتاییشدا موسەوی رایگەیاند، هەر رێگاچارەیەکی تر، وڵات تووشی پەشێوییەکی زۆر دەکات و هیواخواز بوو لە ئایندەیەکی نزیکدا رابەری رەوتی سەدر و سەرۆکی هاوپەیانیی فەتح هادی ئەلعامریی کۆببنەوە تا بگەنە رێکەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانە چەقبەستووەکەی عێراق.


PM:01:46:16/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت