ئۆکرانیا یەکەم کەشتیی دانەوێڵەی بەرەو ئەفریقا نارد


وێستگەنیوز-

لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیاوە، یەکەم کەشتی دانەوێڵە بەندەرەکانی ئۆکرانیای بەرەو ئەفریقا بەجێهێشت.

بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەکان، ئەمڕۆ سێ شەممە کەشتی بریڤ کۆماندەر بەندەری  بێڤدینیی ئۆکرانیای بەرەو جیبۆتی بەجێهێشت، کە وەک یارمەتی مرۆیی، 23 هەزار تەن دانەوێڵەی بارکردووە تا بیگەیەنێتە ئەو وڵاتە ئەفریقییە.

جێگای ئاماژەیە هەر لەسەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیاوە، هەناردەکردنی ئۆکرانیا لە دانەوێڵە بەڕادەیەکی زۆر کەمی کرد. ئەویش بەهۆی داخستنی بەندەرەکانییەوە لە دەریای رەش. ئەمەش وای کرد نرخی خۆراک لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزببێتەوە و مەترسی کەمیی خۆراک لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست درووست ببێت.

لە مانگی رابردووەوە بەپێی رێکەوتنێک لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیا بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا، سێ بەندەری ئۆکرانیا لە دەریای رەش کرانەوە. ئەمەش رێگای کردەوە تا ئۆکرانیا بە هەزاران تەن دانەوێڵە بگەیەنێتە بازاڕەکانی جیهان. 

جێگای ئاماژەیە دوای جیبۆتی، وا بڕیارە ئۆکرانیا دانەوێڵە بەرەو ئەسیوپیا بنێرێت.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ژێرخانی ئابووریی ئۆکرانیا، تا ئێستا 475 هەزار تەن لە بەرهەمە کشتووکاڵییەکان بەندەرەکانی ئۆکرانیایان بەرەو بازاڕەکانی جیهان بەجێهێشتووە.


AM:09:33:16/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت