سەندیکای ڕۆژنامەنووسان: داوای ئازادکردنی میدیاکاران دەکەین


وێستگەنیوز-

لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو داوای ئازادکردنی میدیاکارە دەستگیرکراوەکان دەکات.


لە پەیامێکدا کە ئەمڕۆ شەممە 6 ی ئابی2022 بڵاویکردەوە، لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت، "ژمارەیەک پەیامنێرو میدیاکاری سنووری لقەکەمان تا ئێستا دەستگیر کراون، لەسۆنگەی بڕوا بوونمان بە مافی ھاووڵاتیبوون و ئازادی رووماڵکردن داوای ئازاد کردنی میدیاکاران دەکەین".

سەندیکاکە دەشڵێت، "ھاوکات رووی دەممان دەکەینە تیمەکانی راگەیاندن کە بەپێی یاساو رێساکانی ھەرێمەکەمان ھەڵسوکەوت لەگەڵ حاڵەتی لەم جۆرەدا بکەن، سەلامەتی ژیان و ھەڵسوکەوتی مۆدێرنانەو مرۆڤانە لەگەڵ گیراوەکان داواکاریمانە تا ئەو ساتەی ئازاد دەکرێن".

ئەو پەیامەی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لەکاتێکدایە پێشتریش ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، بەبێ بڕیاری دادوەر و لەسەر کاری رۆژنامەوانی 12رۆژنامەوان لەهەرێمی کوردستان بەهۆی رووماڵی خۆپیشاندانەکان دەستگیرکراون، کە لە نێویاندا 4رۆژنامەوانی وێستگەنیوز هەن.

دەقی ڕاگەیەندراوی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان:

لقی سلێمانی داوای ھێوربوونەوەو سەلامەتی ھەموو لایەک دەکات

لەسەرو بەندی داواکاری خۆپیشاندان و ھاتنەسەرشەقامدا، بێگومان میدیاکاران لەم حاڵەتەدا دەستگیر دەکرێن چونکە بەپێی یاسای خۆپیشاندانی ساڵی ٢٠١٠ رێکخستن و ئەنجامدانی گردبوونەوەو خۆپیشاندان رێگەپێدانی دەزگا خۆجێیەکانی پێویستە..
ئەمڕۆ رۆژی شەممە ٦/٨/٢٠٢٢ ژمارەیەک پەیامنێرو میدیاکاری سنووری لقەکەمان تا ئێستا دەستگیر کراون، لەسۆنگەی بڕوا بوونمان بە مافی ھاووڵاتیبوون و ئازادی رووماڵکردن داوای ئازاد کردنی میدیاکاران دەکەین و ھاوکات رووی دەممان دەکەینە تیمەکانی راگەیاندن کە بەپێی یاساو رێساکانی ھەرێمەکەمان ھەڵسوکەوت لەگەڵ حاڵەتی لەم جۆرەدا بکەن..
سەلامەتی ژیان و ھەڵسوکەوتی مۆدێرنانەو مرۆڤانە لەگەڵ گیراوەکان داواکاریمانە تا ئەو ساتەی ئازاد دەکرێن.
ھێمنی و ئازادی شارەکەمان لە ھەموو کارەکانی تر لەپێشترن
سلێمانی زۆر ئازیزە با ھەموومان بیپارێزین

لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان
٦/٨/٢٠٢٢


PM:08:37:06/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو