لە ماوەی دوو مانگدا 713 بوومەلەرزە لە ئێران ڕوویانداوە

‌دیمەنی بوومەلەرزەیەک لە ئێران، فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگەنیوز ـ شەیدا رەئووف

بەپێی ئاماری ناوەندی نیشتمانی دەستنیشانکردنی بوومەلەرزە لە ئێران لە ماوەی دوو مانگدا 713 بوومەلەرزە لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە روویانداوە.


بەگوێرەی هەواڵی میدیا فەرمییەکانی ئێران کە لەسەر زاری ناوەندی نیشتمانی دەستنیشانکردنی بوومەلەرزەی سەر بە پەیمانگای جیۆفیزیای سەر بە زانکۆی تاران بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی 22ی نیسانی 2022 تا بەرواری 21ی حوزەیرانی هەمان ساڵ، 713 بوومەلەرزە لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە و بە گوڕی جیاواز روویانداوە.

ناوەندەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: هێزی 32 لەو بوومەلەرزانە گەیشتووەتە چوار پلە بە پێوەری رێختەر و بەهێزترین بوومەلەرزەشیان 5.5 پلە بووەو لە باشووری ئێران و لە پارێزگای سیستان و بلوجستان روویداوە.

بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارەی ناوەندی نیشتمانی دەستنیشانکردنی بوومەلەرزەی ئێران دوای ئەوە دێت رۆژی شەممە 2ی ته‌مموزی 2022، بوومەلەرزەیەک پارێزگای هرمزەجانی باشوری ئێرانی هەژاند و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و 84 کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممەش بوومەلەرزەیەک بە هێزی 4.3 شاری لەنگرودی سەر بە پارێزگای کەیلان لە باکوری ئەو وڵاتە هەژاند و تا ئێستا ئاماژە بە زیانە گیانی و ماڵییەکانی ئەو بوومەلەزەیە نەکراوە.

سەرچاوە: روسیا تودەی


PM:04:35:04/07/2022


ئه‌م بابه‌ته 2136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو