شەپۆلێكی نوێی خۆڵبارین عیراق دەگرێتەوە و کاریگەری لەسەر هەرێمیش دەبێت

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌نیوزـ

دەستەی کەشناسی عیراق رایگەیاند، لە سبەی سێشەممەوە شەپۆلێکی نوێی خۆڵبارین دەستپێدەکاتەوە و مەودای بینین لە زۆرێک لە ناوچەکانی وڵات کەمدەبنەوە و هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، رۆژی هەینی کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت و تۆز و خۆڵ لە هەودا دەبێت.


بەگوێرەی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی عیراق، شەپۆلی خۆڵبارین زۆرێک لە ناوچەکانی عیراق و بەتایبەت ناوچەکانی باشوور دەگرێتەوە و خێرایی با لەنێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا کە ئەمەش کاریگەری بەرچاوی هەیە لەسەر زیادبوونی بوونی خۆڵ لە بەرگەهەوادا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی سێ رۆژە شەپۆلێكی خۆڵبارین رووی لەناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق کردووە و بەهۆیەوە دوێنی فڕۆکەخانەی بەغدا بۆ ماوەیەک داخرا.

هاوکات، سەبارەت بەو شەپۆلە خۆڵبارینەی رووی لە عیراق کردووە، وەزارەتی تەندروستی داوای لە هاوڵاتییان کرد ئەگەر کارێکی پێویستیان نەبێ نەچنەدەرەوەی ماڵەکانیان.

باسیلەوەشکرد، تا ئێستا نزیکەی 500 کەس بەهۆی خۆڵبارین و تەنگەنەفەسییەوە رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.

هاوکات، لای خۆشیەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم رایگەیاندووە، کەشوهەوای شارەکانی کوردستان بۆ ئەمڕۆ و سبەی ساماڵ دەبێت و خێرایی با چالاک دەبێت و لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتردا دەبێت لە هەر کاتژمێرێکدا.


PM:02:17:04/07/2022


ئه‌م بابه‌ته 5728 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت