رێکخەری سەنتەری میترۆ: هەندێک میدیا بۆ لایک و کۆمێنت گریان و فرمێسکی خەڵک بڵاودەکەنەوە


وێستگەنیوز_

رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ پاش لێدوانەکەی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ کە دەڵێت، "میدیا هەیە گریان و لە خۆدانی کەسوکاری قوربانییەکان پیشان دەدات و دەپرسن 'هەستت چۆنە؟' و پرسیاری سەیر دەکەن." رایگەیاند، هەر میدیایەک کە پەیامنێرەکەی دەنێرێت بۆ رووداوێکی دڵتەزێن یان کوشتن کە مرۆڤ تورە و غەمبار دەکات، سیاسەتێکی خۆی هەیە. بە گشتی هەندێک میدیا لەکاتی گریاندا ئەو دیمەنانە دەگوازێتەوە بۆ ئەوەی رادەی ئازار و قورسی بابەتەکە بگەیەنێت بە خەڵک و رێگربێت لە دووبارەبوونەوەی، ئەمەش کارێکی "ئیجابیە".

رێکخەری سەنتەری میترۆ رەحمان غەریب، ئەمرۆ هەینی 1ـی تەمووزی 2022، بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "بابەتی چوونی پەیامنێر بۆ پرسە و ماڵی قوربانیان و کوژراو، بەپێی سیاسیەتی میدیاکە دەگۆڕێت. ئەوە میدیاکەیە پەیامنێرەکە دەنێرێت لە کاتی گریان و تورەبووندا خەڵک بدوێنێت."

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەندێک میدیا هەن پێی باشە لە کاتی گریان و لە خۆدان و پرسەکەدا کەسەکە بدوێنێ بۆ ئەوەی رادەی ئازار و قورسی رووداوەکە پیشانی رای گشتی بدات، هەروەها یاسا رێگری لەم بابەتە نەکردووە بۆیە ئەوە دەکەوێتەوە سەر ئەخلاقیات و سیاسەتی خوودی میدیاکە. وتیشی، میدیایەک گریان و شتەکە پیشان دەدات، میدیاش هەیە پیشانی نادات." 

رەحمان غەریب ئەوەشی خستەڕوو، "لە راستیدا ئەوەی بۆ ئێمە وەک سەنتەری میترۆ جێگەی سەرنجە ئەوەیە، هەندێک لە پەیامنێران پرسیاری سەیر و سەمەرە دەکەن لەو کەسەی کە کەسێکی لێ کوژراوە یان قوربانییەکی هەیە بۆ نموونە دەڵێن، "هەستت چۆنە؟" وە هەندێک پرسیاری دیکە کە تا رادەیەک بێ مانایە."

جەختیشی کردەوە لەوەی میدیا دەبێت ڕوون بێت و وتی، "ئێمە وەک سەنتەری میترۆ دەڵێین دەبێت میدیاکان وازح بن لەوەی ئەو بابەتەی پیشانی دەدەن وەک گریان و لە خۆدان، مەبەستەکە سلبی نەبێت."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاشکرایکرد کە هەندێک میدیا بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئەو بابەتە بەکاردەهێنن و دەڵێت، "هەندێک میدیا گریان و فرمێسکی خەڵک بۆ زیادکردنی لایک و کۆمێنت و موتاجەرە کردن بەکاردەهێنێت."

ئاشکراشیکرد، "لە بەرامبەر ئەو جۆرانەدا، میدیا هەیە ئەوەی پیشانی داوە تەنها بۆ ئەوە بووە میدیاکە ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەو رووداوە دووبارە نەبێتەوە واتە وەک لایەنێکی ئیجابیە."

سەبارەت بە یاسایبوونی کارەکە، "ئەم کارە یاسا نە رێگەی پێداوە نە رێگریشی لێدەکات، چونکە لە یاسای رۆژنامەنووسیدا باس نەکراوە و تەنها پەیوەندی بە سیاسەتی دەزگاکەوە هەیە."

لە کۆتاییشدا وتی، "نە پێشوازی لە قسەکەی وەزیر دەکەین نە دژی دەوەستین، تەنها بیروبۆچوونی خۆمان هەیە بەڵام کەمێک بۆچوونەکانمان جیاوازن."


PM:05:05:01/07/2022


ئه‌م بابه‌ته 1992 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو