هەڤاڵ ئەبوبەکر: سلێمانی بریارەکەی سەرۆک وەزیران جێ بەجێ دەکات
وێستگەنیوز_
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لەڕێی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانییەوە، هەموو دوکان و بازاڕێکی چەک فرۆشتن دادەخرێن و هەموو مامەڵەکردنێک بەچەکەوە ڕادەگیرێت. ئەمەش وەک یەکەم هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی بریارەکەی سەرۆک وەزیران.
دەقی پەیامەکەی پاریزگاری سلێمانی:
پەیامێک لەهەڤاڵ ئەبو بەکرەوە
لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەپێی ڕێنمایی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان:
یەکەم: لە ئەمڕۆ ٣٠ی حوزەیرانەوە، لەڕێی بەڕێوەبەرێتیی ئاسایشی سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانییەوە، هەموو دوکان و بازاڕێکی چەک فرۆشتن؛ دادەخرێن و، هەموو مامەڵەکردنێک بەچەکەوە؛ ڕادەگیرێت.
دووەم: لیژنەی هاوبەشی ئارامیی لە سنوری یەکەکارگێڕییەکاندا؛ وەک هەمیشە خاڵی پشکنین لە ناو شارو دەرەوەی شارەکاندا دادەنێن بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت.
سێیەم: هەر هاووڵاتییەک بە چەکی بێمۆڵەتەوە سەردانی دامودەزگاکان و هەر شوێنێکی تر بکات؛ ڕاستەوخۆ دەستبەسەر چەکەکەیدا دەگیرێت.
هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بۆ کاری پێویست، داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویستیش دەکەین هاوکارو هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان بن.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
٢٠٢٢/٦/٣٠
PM:06:12:30/06/2022
ئهم بابهته 1424
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت