ڤیان سه‌بری: هێشتا بڕیاری به‌شداریمان له‌ دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی عیراق نه‌داوه‌

‌ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

وێستگه‌نیوزـ

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عیراق بە مەبەستی پڕکردنەوەی شوێنی ئەو پەرلەمانتارانەی رەوتی سەدر کۆببێتەوە کە دەستیان لە کار کێشاوەتەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش رایگه‌یاند، تا ئێستا بڕیاریان نەداوە کە ئاخۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عیراقدا دەکەن یان نا.


ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، به‌ ماڵپه‌ری فه‌رمی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاند: "وەک فراکسیۆنی پارتی تا ئێستا بڕیارمان نەداوە کە بەشداری لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عیراقدا دەکەین یان نا، چونکە چاوەڕێی بڕیاری سەرکردایەتی خۆمان دەکەین و ئەوان بڕیار دەدەن کە بەشداری بکەین یان نا".

ڤیان سه‌بری وتیشی: "چوارچێوەی هەماهەنگی واژۆی کۆکردووەتەوە و داوای کردووە پەرلەمان کۆبێتەوە بۆ پڕکردنەوەی شوێنی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر، کە بەپێی دەستووری عیراق پێویستە رێژەی دیاریکراو لە ئەندامانی پەرلەمان ئامادە بن بۆ ئەوەی کۆبوونەوە ئەنجام بدرێت، چونکە پەرلەمانتارانی سەدر فەرمانی پەرلەمانیشیان بۆ دەرچووە لەبارەی دەستلەکار کێشانەوە، بەڵام گفتوگۆکانی نێوان لایەنەکان بەردەوامن".

ناوبراو دەشڵێت: "بەشداریکردنی پارتی لە پرۆسەی سیاسیی عیراق لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دەبێت، ئەوانیش بریتین لە هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی".


PM:12:44:23/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 2156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت