نەوەی نوێ داوایەکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕەتدەکاتەوە


وێستگەنیوز_

بڕیارە سبەینێ، یەکشەممە نێچیرڤان بارزانی سەردانی سلێمانی بکات، وتەبێژی نەوەێ نوێ دەڵێت، "ڕەتمانکردۆتەوە پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی بکەین" دەشڵێت، "نەوەی نوێ کۆبوونەوەی ئاسایی بۆ تۆمارکردنی وێنە ئەنجام نادات".

دڵشاد شەهاب، ڕاوێژکاری باڵا لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەمرۆ شەممە 21ی ئایاری 2022 ڕایگەیاند، "سبەی یەکشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی دەکات و بەشداری لە رێوڕەسمی دەرچووانی خولی 16ی کۆلێژی سەربازیی قەڵاچۆڵان دەکات".

ئەوەشی وت، "پاش مەراسیمی دەرچووانی کۆلێژی سەربازی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی و سه‌ڵاحه‌دین محه‌مەد به‌هائه‌دین، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان و عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و چەند حیزب و کەسایەتی سیاسی سلێمانی کۆدەبێتەوە". 

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، وەک لایەنێکی ئۆپۆزسیۆنی دیار جوڵانەوەی نەوەی نوێی ئاگادارکردۆتەوە، کە نێچێرڤان بارزانی سەردانیان بکات، هیمداد شاهین وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەمرۆ شەممە لە لێدوانێکدا بە وێستگەنیوز-ی وت، "وەڵامی ئێمە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم ئەوە بووە کە بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەک ناکەین کە ئامانج لێی کێشەکانی خەڵک نەبن، ئەوەی پێمان وتراوە کۆبوونەوەکە ئاسایی دەبێت بۆیە ڕەتمانکردۆتەوە".

شاهین ئەوەشی وت، "سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ چەندین جار ئاماژەی بەوەکردووە، کۆبوونەوە بۆ تۆمارکردنی وێنە ئەنجام نادەن، لەبەرانبەر ئەوەدا و لەسەر کێشەکانی خەڵک مەبدەئییەن دەرگامان لەسەر هیچ کەس و لایەنێک دانەخستووە".

وتەبێژی نەوەی نوێ دەربارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی وت، "ئەگەر سەردانی ئەوان و کۆبوونەوەکان لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک نەبن بە باشی نازانین".

لەبارەی ئامانجی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی، "ئەو سەردانە گرنگی زۆری هەیە، کاریگەری زۆری لەسەر تواندنەوەی بەستەڵەکی نێوان لایەنە سیاسیەکان و کۆتاییهێنان بەو چەقبەستووییە سیاسییەی هەرێمی کوردستان هەیە".



PM:12:55:21/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 9108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت