بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ ی وریا غەفووری یاریزانی کورد لە راگەیاندنی ئێرانی قەدەغە کرا

‌وریا غەفووری، یاریزانی کورد

وێستگه‌نیوزـ نه‌به‌ز ره‌شاد

دوای کاردانەوەی وریا غەفووری، لەبەرامبەر بەرپرسانی ئێران و هەڵوێستی لەسەر دۆخی خراپی ژیانی خەڵک و پشتیوانیکردن لە داواكاری هاوڵاتییان، بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و لێدوانی ناوبراو لە میدیاکانی ئێران قەدەغە کرا.

میدیای فه‌رمی ئێران وێنەی وریا غەفووریـیان لە بەرنامەی تەلەفیزیۆنیی شەوی دووشەممەی "فووتبالی بەرتەر" سڕییەوە.
 
وریا غەفووری، یاریزانی کورد لەبەرامبەر خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی هاوڵاتییانی ئێران رەخنەی لە بەرپرسانی ئێرانی  گرت و وتی: "پێم سەیرە کە بەرپرسانی حکومەت شەرم نایانگرێت کە هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک نادەن".

پێشتریش وریا غەفووری، بەهۆی رەخنەی توند لە "خامنەیی" رابەری شۆڕشی باڵای ئێران کەوتبووە بەر هەڕەشەی توند و پێی وترابوو کە "دەبێ سنووری خۆی بزانێت ئەگەرنا تووشی کێشە دەبێت".

هاوكات عەلی دائی، یاریزانی ئەفسانەی تۆپی پێی ئێرانی بۆ پالپشتی کردنی وریا غەفوری، لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام وێنەیەکی وریای داناوە بە جلی کوردی نووسیوویەتی "بێدەنگ کردنی رەخنەگرەکان تەنها سڕینەوەیانە".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "خەڵک لە خراپترین بارودۆخی ئابووریدان و لە جیاتی بێدەنگکردنییان دەبێت بیرێکی جددی بۆ کێشەکانیان بکەین بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە چ رەنگێکه‌".



PM:01:12:20/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 2900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت