نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی خەلیفە بن زاید ئەلنەهیان بڵاودەکاتەوە


وێستگەنیوز_

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی سەرۆکی وڵاتی ئیمارات بڵاوکردەوە. لە تویتێکدا سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی گەل و سەرکردەکانی ئیمارات دەکات و دەڵێت" هاوبەشی خەمەکانتانین".
 

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی خەلیفە بن زاید ئەلنەهیان سەرۆکی وڵاتی ئیمارات کە ئەمڕۆ هەینی، 13-5-2022 لە تەمەنی 73 ساڵییدا کۆچی دوایی کرد، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی هاوسۆزی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتی ئیمارات و گەلەکەی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
 
"بە دڵتەنگییەکی قوڵ و نیگەرانییەکی زۆرەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خاوەن شکۆ شێخ محەمەد بن زاید و بنەماڵە بەڕێزەکەیان و خاوەن شکۆ و سەرکردە و دەوڵەت و گەلی ئیماراتی دۆست دەکەین. هاوبەشیی خەمەکانیان دەبین بە کۆچی خوالێخۆشبوو خاوەن شکۆ شێخ خەلیفە بن زاید ئالنهەیان، داوا لە خودای مەزن دەکەین بەر رەحمەتی فراوانی خۆی بخات و سەبووری و دڵنەوایی ببەخشێتە هەمووان."
 
ئەمڕۆ هەینی خەلیفە بن زاید ئال نهەیان سەرۆکی وڵاتی ئیمارات لە تەمەنی 73 ساڵییدا کۆچی دوایی کرد و بەهۆیەوە بەپێی وەزارەتی کاروباری سەرۆکایەتی لەو وڵاتە بۆ ماوەی 40 رۆژ ئاڵای ئەو وڵاتە لەسەر دامەزراوەکان دادەگیرێت و 3 رۆژیش دەوام لە فەرمانگەکانی کەرتی گشتی و تایبەتیش رادەگیرێت.
 
خەلیفە بن زاید ئالنهەیان لە شاری ئەلعەین لە 7ی ئەیلوولی 1948 لەدایکبووە. کوڕی گەورەی دامەزرێنەری وڵاتی ئیماراتە. دووەم سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و شەشەم حاکمی شازدەیەمی ئیمارەتی ئەبو زەبی بووە. لە 3ی تشرینی دووەمی ساڵی 2004 لە شوێنی باوکی"زاید بن سوڵتان"ی دامەزرێنەری دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بووەتە سەرۆکی وڵات.


PM:03:51:13/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 1400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت