بڕیارێكی نوێ بۆ غازی ماڵان ده‌رچوو

‌هاوڵاتیان بە دەست کەمی غازەوە دەناڵێنن

وێستگه‌نیوزـ هه‌ستیار ره‌ووف

وته‌بێژی به‌نزینخانه‌كانی سلێمانی ده‌ڵێت، وه‌ك كارئاسانی بۆ هاوڵاتییان له‌م وه‌رزی سه‌رماو سۆڵه‌دا بڕیارداوه‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی لە بەنزینخانەكانەوە نزیكن بچن بتڵەكانیان لە غازی (LPG)ی بەنزینخانەكان پڕبكەنەوە.


بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی به‌ وێستگه‌نیوزی راگەیاند: بەهۆی دۆخی كەشوهەوا و سەختی هاتوچۆوە لە ئێستادا هاووڵاتیان دەتوانن لە رێگای ئەو بەنزینخانانەی لێیانەوە نزیكە و غازی (ئێڵ پی جی) ئۆتۆمبێل دەفرۆشن غازی ماڵەكانیان پڕبكەنه‌وه‌.

وتیشی: "نرخی یەك لیتر غازی شل لە بەنزینخانەكان 575 دینارە و بەوەش پڕكردنەوەی بتڵێك غاز  سه‌رو 11 هەزار دینار لەسەر هاووڵاتیان دەكەوێت، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ی ئێمه‌ بۆ كارئاسانی كردنه‌ بۆ خه‌ڵك كه‌ ئه‌وه‌نده‌ نه‌سووڕینه‌وه‌ به‌ دوای بتڵێك غازدا".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ كێشه‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی غازی ماڵان سه‌ری هه‌ڵداوه‌، هاوڵاتییان بۆ ده‌ستكه‌وتنی بتڵێك غاز زۆرجار چه‌ند كاتژمێرێك نۆره‌ ده‌گرن تا به‌ریان ده‌كه‌وێت.



PM:10:16:21/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 101492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت