لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەنگی دەیان تەقینەوە بیسترا

‌دیمەنی شاری سنە لە شەودا

وێستگەنیوز-

لەماوەی چەند کاتژمێری رابردودا لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەنگی دەیان تەقینەوە بیسترا، لەبارەی هۆکاری تەقینەوەکانیش هەندێک سەرچاوە باس لەوەدەکەن سەکۆ موشەکییەکانی ئێران کراونەتە ئامانج، سەرچاوەیەکی سوپای پاسدارانیش دەڵێت، مانۆڕێکی سەربازیی ئێران بووە.

لەدوای کاتژمێر 12:00ی شەوی رابردووەوە لەپارێزگای سنە، هەمەدان، ئیلام وکرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان و رۆژئاوای ئێران دەنگی دەیان تەقینەوە بیستران، ئەوەش خەوی لەچاوی هاوڵاتیان رزڕاند و ترس و دڵەڕاوکێی دروستکرد، تەنانەت لەشاری هەمەدان دەنگی تەقینەوەکە بەجۆرێک بەهێز بووە خانوو و ماڵی هاوڵاتیانی هەژاندووە.

هەرچەندە تائێستا بەرپرسان و  میدیای فەرمی ئێران زانیارییان لەبارەی دەنگی تەقینەوەکان بڵاونەکردووەتەوە،  بەڵام هەندێک سەرچاوە دەڵێن کە هێرشکراوەتە سەر چەندین سەکۆی مووشەکیی لە رۆژئاوای ئێران.

لای خۆیەوە سەرچاوەیەکی سوپای پاسداران لەسەر دەنگی تەقینەوەکان باسی لەوەکردوە، دەنگی تەقینەوەکان "مانۆڕێکی سەربازیی ئێران بووە بۆ ئامادەباشیی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی".


AM:07:44:16/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 4052 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت