مەکتەبی سیاسی یەکێتی کاندیدە فەرمییەکەی یەکلادەکاتەوە

‌دیمەنێک لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی

وێستگەنیوز_

سەرچاوەیەک لەنێو یەکێتی ئاشکرایکرد، بڕیارە ئەمشەو مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە کۆببێتەوە و تاوتوێی گۆڕانکاری لەدۆخی عێراق و کوردستان بکات، بەگوێرەی سەرچاوەکە، "پێدەچێت یەکێتی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق یەکلابکاتەوە".

ئێوارەی ئەمرۆ شەممە 15ی کانوونی دووەمی 2022، سەرچاوەیەک لەنێو مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە ویستی ناوی ئاشکرانەکرێت بە وێستگەنیوز-ی وت، "وابڕیارە ئەمشەو لە سلێمانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆببێتەوە و تاوتوێی رووداوەکانی نێو پەرلەمانی عێراق بکات لە پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتییەکەی".

ئەوەشی وت، "ڕای گشتی ئەوەی لەلا دروستبووە کە یەکێتی تائێستا کاندیدی فەرمی خۆی یەکلانەکردبێتەوە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، بۆیە پێدەچێت ئەمشەو بەفەرمی یەکێتی کاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە یەکلابکاتەوە و بێ ناسێنێت".

کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کاتێکدایە، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئەو حزبە لە لێدوانە جیاوازەکاندا، ئاماژە بەوە دەکەن، کاندیدی ئەوان بەرهەم ساڵح دەبێت بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، بەڵام لە کۆتا رۆژەکاندا لەتیف ڕەشید کە کەسایەتییەکی دیاری نێو یەکێتییە خۆی کاندید کرد.

لە چاوپێکەوتنێکیشدا وتی، "بۆ خۆکاندیدکردنم ڕای بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی-م وەرگرتووە و زۆرینەی ناو یەکێتی پاڵپشتیم دەکەن"، لەتیف ڕەشید بووە چوارەم کوردە، کە بە فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کاندید کرد.

چوارشەممەی رابردوو، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی ناوی خۆی تۆمارکرد. پێشتریش هەریەک لە حاکم رزگار و خالید شێخ سدیق، وەکو کەسایەتیی سەربەخۆ، خۆیان کاندیدکرد.



PM:05:47:15/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 47168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت