ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن گەیشتە کوردستان.. 10 رێنمایی بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پەتاکە

‌سەنتەرێکی وەرگرتنی ڤاکسین لەکوردستان

وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو پێنج توشبووی ڤایرۆسی گۆڕاوی کۆرۆنا (ئۆمیکرۆن) لەهەرێم تۆمارکران، پزیشکان رێنمایی سەرجەم هاوڵاتیان دەکەن بەوەی وەرگرتنی ڤاکسین باشترین رێکارە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی توشبووان بە پەتاکە و بەڕێژەی 90%ـیش کاریگەری لەسەر ئەو کەسانە کەمترە کە ڤاکسینیان وەرگرتووە و توشی ئۆمیکرۆن بوون.

دکتۆر عارف گۆران پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو لەندەن و دکتۆر کامەران قەرەداخی پزیشکی ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی سنگ و بۆڕی ھەوا لە سلێمانی لەنوسینێکی هاوبەشدا 10 رێنماییان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پەتای ئۆمیکرۆن بڵاوکردووەتەوە و باسیان لەوەشکردوە، "لێکۆڵینەوەکان ئەوە نیشان ئەدەن، کە ئۆمیکرۆن وەک دەلتا کۆرۆنا کوشندە نیە . تووشبوان بە رێژەیکی زۆر کەمتر تووشی ھەوکردنی سیەکان دەبن. ھەرچەندە ژمارەی تووشبوان زۆرە ، بەڵام رێژەیەکی کەم پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت".

ئاماژەیان بەوەشکردوە، "زۆربەی ھەرە زۆری ئەو کەسانەی تووشی ھەوکردنی سیەکان دەبن و پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت لە نێوان ئەو کەسانەیە، کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.. لە راستیدا دوای ژەمی سێیەمی ڤاکسین رێژەی پێویستی بوون بە نەخۆشخانە بە ھۆی ئۆمیکرۆن بە رێژەی 90% کەمدەبێتەوە".

نوسینەکەی دکتۆر عارف گۆران و دکتۆر کامەران قەرەداخی:

ئۆمیکرۆن گەیشتە کوردستان، ئایا دەبێت لێی بترسین؟

دوای سەرھەلدانی کۆرۆنای گۆراوی ئۆمیکرۆن لە ئەفریقای باشوور ، لە ماوەیەکی کەمدا گەیشتە زۆربەی وولاتانی جیھان ، ھەربۆیە گەیشتنی ئۆمیکرۆن بۆ کوردستان شتێکی تەواو چاوەرانکراو بوو . لەو کورتە پۆستە ھەوڵ ئەدەم چەند راستیەک دەربارەی ئۆمیکرۆن بخەمە روو:

1-ئۆمیکرۆن زۆر خێراتر لە جۆری دەلتا بڵاودەبێتەوە. ئەگەر سەیری بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بکەین لە چەند ھەفتەیەکی کەمدا ژمارەی تووشبوان زۆر زیادیکردووە . بۆ نموونە لە ئەمریکا رۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس تووشی ئۆمیکرۆن دەبن ، لە ھەندێک وڵاتی ئەوروپا رۆژانە پتر لە چارەگە ملیۆنێک کەس تووشی ڤایرسەکە دەبن .

2- لێکۆلینەوەکان ئەوە نیشان ئەدەن، کە ئۆمیکرۆن وەک دەلتا کوشندە نیە . تووشبوان بە رێژەیکی زۆر کەمتر تووشی ھەوکردنی سیەکان دەبن . ھەرچەندە ژمارەی تووشبوان زۆرە ، بەڵام رێژەیەکی کەم پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت . دەبێت ئەوەش بگوترێت لە ئەگەری تووشبوونی ژمارەیەکی یەکجار زۆری خەڵک لە ماوەیەکی کورتدا بۆی ھەیە ئەو رێژە کەمەی تووشبوان، کە پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت زیاتر بكات و کاریگەری خراپی لەسەر سیستەمی تەندرووستی ھەبێت، ھەر لەبەر ئەو ھۆکارەیە ھەندێک وڵاتی جیھان کۆمەڵێک رێکاری نوێیان گرتۆتە بەر بۆ کەمکردنەوەی رێژەی تووشبوون.

3- نیشانە باوەکانی تووشبوانی ئۆمیکرۆن بریتیە لە ئاو لە لووت ھاتن ، پژمین ، سەرئێشە ، ئازارو سووتانەوەی قوڕگ ، ھەستکردن بە ماندوبوون . بە واتایەکی تر نیشانەکانی زۆر لە ھەلامەت دەچێت.

4- دەرکەوتووە ڤاکسینەکان کاریگەریان بەرامبەر بە ئۆمیکرۆن ھەندێک کەمترە بە بەراورد لەگەل جۆرەکانی پێشووی کۆرۆنا ، ھەربۆیە ئەگەری تووشبوون بە ئۆمیکرۆن زیاترە ، تەنانەت لەو کەسانەی کە ھەردوو ژەمی ڤاکسینیشیان وەرگرتووە ، بە تایبەت دوای تێپەربوونی چەند مانگێک بەسەر ژەمی دووەمی ڤاکسین .  لەبەر ئەو ھۆیە زۆر لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کەوتنە پەلە بۆ پێدانی بڕە ژەمی سێیەمی ڤاکسین .

5- زۆربەی ھەرە زۆری ئەو کەسانەی تووشی ھەوکردنی سیەکان دەبن و پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت لە نێوان ئەو کەسانەیە، کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، یاخوود ماوەیەکی زۆر بەسەر وەرگرتنی ڤاکسینیان تێپەریوە. لە راستیدا دوای ژەمی سێیەمی ڤاکسین رێژەی پێویستی بوون بە نەخۆشخانە بە ھۆی ئۆمیکرۆن بە رێژەی ٩٠٪‏ کەمدەبێتەوە.  دەبێت ئەوەش بگوترێت مردن بە ھۆی ئۆمیکرۆن تەنانەت لەنێوان ئەو کەسانەی، کە ڤاکسینیشان وەرگرتووە ھەرچەندە کەمە ، بەلام بوونی ھەیە . 

6-مردن بە ھۆی کۆرۆنا لە نێوان ئەو کەسانەی دوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە زیاتر لە نێوان کەسانی بە تەمەندایە یان ھەلگری ھەندێک نەخۆشی دەێژخایەنن ، ھەر بۆیە دەبێت پەلە بکرێت بۆ پێدانی برە ژەمی سێیەمی ڤاکسین بە تایبەت بۆ کەسانی بە تەمەن.

7-لەزۆربەی حالەتەکان تووشبوون بە ئۆمیکرۆن لە نێوان ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە بە سووکی دەبێت . دەبێت ئەوەش بگووترێت تەنانەت ئەو کەسانەی سێ ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە بۆی ھەیە تووشی ئۆمیکرۆن ببن ، بەلام یان ھیچ نیشانەیەکیان لێدەرناکەوێت ، یاخود زۆر بە سووکی بۆ چەند رۆژێکی کەم پەتاکە تێدەپەڕێنن.

 8-لە یەکێک لە نەخۆشخانە گەورەکانی بەریتانیا ، کە خۆم کاری تیادا دەکەم و رەنگ بێت وەک رەنگدانەوەیەک بێت بۆ دۆخی زۆربەی نەخۆشخانەکانی ئەوروپا ، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەو نەخۆشانەی، کە بە ھۆکاری تر جگە لە کۆرۆنا پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە ھەیە، لە کاتی پشکنیندا دەردەکەوێت، کە ھەلگری ڤایرۆسی کۆرۆنانەو ھیچ نیشانەیەکیان نیە، بە واتایەکی تر بە رێکەوت دەردەکەوێت تووشی ئۆمیکرۆن بوونە. !.

9-دوای زیاتر لە سالێک لە بەکارھێنانی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا تاکوو ئێستا ھەموو لێکۆلینەوەکان دەریانخستووە، کە ڤاکسینەکان زۆر کاریگەرن لە کەمکردنەوەی رێژەی مردن، تەنانەت بەرامبەر جۆری ئۆمیکرۆنیش . دوای زیاتر لە سالێک و بەکارھێنانی نزیكەی ٩ بلیۆن بڕە ژەمی ڤاکسین لە سەرانسەری جێھان دەرکەوت، کە ڤاکسینەکان بە شێوەیەکی گشتی سەلامەتن . 

10-ھیوادارم ئەو کەسانەی تا ھەنووکە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە لە نزیکترین دەرفەت ھەوڵبدەن ڤاکسین وەرگرن . ئەو کەسانەی بە تەمەنن و لەسەرووی شەست ساڵین وا باشە ژەمی سێیەمی ڤاکسین وەرگرن، بە تایبەتی ئەگەر شەش مانگ بەسەر ژەمی دووەمی ڤاکسینەكە تێپەڕیبێت . بە ھەمان شێوە ھەموو ئەو کارمەندانەی کەرتی تەندرووستی،  کە رۆژانە بەرکەوتنیان لەگەل کۆرۆنا ھەیە یان ئەو کەسانەی ھەندێک نەخۆشیان ھەیە دەبێت ژەمی سێیەم وەرگرن.

1-دکتۆر عارف گۆران
پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو
لەندەن

2-دکتۆر کامەران قەرەداخی
پزیشکی ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی سنگ و بۆڕی ھەوا
سلێمانی





PM:05:59:14/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 10248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو