لیوا بەختیار: نابێت هێزی پێشمەرگە هەر لە بەرگریدا بێت

‌پێشمەرگە



وێستگەنیوز-

لیوا بەختیار محەمەد سدیق،  گەورە ڕاوێژکاری وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، نەبوونی پێویستی چەک و کەرەستەی پێویستی سەربازی لەگەڵ بوونی بۆشایی ئەمنی هۆکاری زیادبوونی هێرشەکانی داعش بوون لە هەفتەی رابردودا کە بەهۆیانەوە 21 کەس شەهیدبوون، بۆیە "نابێت پێشمەرگە وەک و ئێستای لەبەرگری کردندا بمێنێتەوە، لەسەنگەردا وەساتاوە تاوەکو هێرش بکرێتە سەری، پێویستە دەست بکرێتەوە و ئۆپەڕاسیۆن ئەنجام بدرێت".

لیوا بەختیار محەمەد سدیق بەدەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، سەرهەڵدانی ئەم هێرشانە بۆ زۆر هۆکار دەگەڕێتەوە لەوانە داعش بە بەرنامە هەوڵی داوە بە فشاربکات تا گوندە کوردنیشینەکانی ناوچە کێشە لەسەرەکان چۆڵ بکرێت بۆ ئەوەی چاوی کەسیان لەسەر نەبێت و ئەو ناوچانە بکەنە مۆڵگەی خۆیان و لەوێشەوە تەگبیر بۆ هێرشەکانیان دابنێن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، "داعش تاڕادەیەکی زۆر لەوەدا سەرکەوتوو بووە، دەبێت رێگە لە چۆڵکردنی ئەو گوندە کوردنشینانە بگیرێت و کۆمەک بکرێن بۆ مانەوەیان، چونکە چاوی هێزی پێشمەرگەی کوردستانن، هۆکاری تر نەمانی پەیوەندی تۆکمە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو حکومەتی عێڕاقی لەو بارەیەشەوە پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانان فشار بکەن ئەو پەیوەندییە سەربازیان دیسانەوە بتەو بکرێتەوە".

زیانە گیانییەکانی هێزی پێشمەرگە زۆرترینیان بەهۆی کەوتنە ناو بۆسەی داعشەوە بووە کە لە هەردوو روداوەکەی گەرمیان و مەخمور لە کاتی بەهانا چون، مین بە ئوتومبیلەکانیاندا تەقیوەتەوە. ئایا ئەو هەموو مەشق و راهێنانەی بە پێشمەرگە کراوە سودی چی بووە؟ لەو بارەیەوە لیوا بەختیار دەڵێت "خاوبونەوەیەک لەو سەنگەرانە روویداوە بە تایبەتی لە 2017 کە داعش لە رووی سەربازییەوە کۆتایی پێهاتووە، هەروەها ماوەیەکی زۆرە کردەوەی سەربازی داعش رووی لەو ناوچانەی ئێمە نەبووە. پێشمەرگە هێشتا لە خەونی ئەو سەرکەوتنانەدایە کە دەبێت چاو کراوە تر بین، هەروەها مەشقی زیاتر بە پێشمەرگە بکرێت، دیارە پێویستیان بە مەشقی زیاترە".

لەبارەی هۆکاری زیانەکانیش راوێژکارەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، " نەبوونی پێداویستیش گرفتێکی ترە تاوەکو ئێستا ئێمە ئەو ئامێرانەمان نییە کە کەشفی مین دەکات، لە ئاسمانیشەوە شتێکمان نییە چاودێری ناوچەکەی پێ بکەین، هەروەها ئەو دوربینانەی کە بەشەو شت دەبینی، هێزی پێشمەرگە ژمارەیەکی کەمی لە بازاڕدا کڕیوە، ئەو ناوچانە زۆر فراوان و چۆڵە پێویستە سەنگەرەکان ئەوەندە تۆکمە بن پێویستیان بە بەوە نەبێت هێزی تر بێت بۆ کۆمەک کردنیان".

ئەوەشی خستوەتەڕو، "هەروەها نابێت پێشمەرگە وەک و ئێستای لەبەرگری کردندا بمێنێتەوە، لەسەنگەردا وەساتاوە تاوەکو هێرش بکرێتە سەری، پێویستە دەست بکرێتەوە بە هەواڵگیەی لەسەر ناوچەکەو هاوکاری هاوپەیمنان و کردنی کردەوەی تایبەت و بەردەوامی مەفرەزەی گەریلایی لە ناوچەکەدا، بە تایبەتی لە لایەن هێزی دژە تیرۆرەوەو بە هاوکاری فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی وهێزە تایبەتییەکانی ئەمریکا".


PM:09:34:04/12/2021


ئه‌م بابه‌ته 3932 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت