وه‌زاره‌تی دارایی لەبارەی خەرجییەكانی خوێندنی باڵاوە روونكردنه‌وه‌ ده‌دا


وێستگه‌ نیوز ـ
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان لەبارەی خەرجییەكانی وەزارەتی ‏خوێندنی باڵا روونكردنەوەی دا، لەمساڵدا تا ئێستا زیاتر لە 14 ملیار دینار بۆ وەزارەتەكە ‏خەرجكراوە، 183 نووسراویشیان بە هۆكاری جیا رەتكراوەتەوە.‏


وه‌زاره‌تی دارایی لە روونكردنەوەكەیدا سه‌باره‌ت به‌ خه‌رجی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و ‏توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاشكرایكردووە، ‏‎له سەرەتای ئەمساڵەوە‌ تا 24ی تشرینی دووه‌می 2021، ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر 369 نووسراوی وه‌زاره‌تی  خوێندنی باڵا دراوه،‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی 14 ملیار ‏و 262 ملێون و 911 هه‌زار و 240 دیناره‌، ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ تا 15ی كانوونی یه‌كه‌می 2021 زیاتر ‏ده‌بێت.‏

وه‌زاره‌تی دارایی دەشڵێت، "هەر لە هەمان ماوەدا، واتا لەسەرەتای ساڵەوە، ‏‎ 183نووسراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕه‌تكراونه‌ته‌وه، بەهۆی چەند هۆكارێك، لەوانە، ‏‏هه‌ندێك نووسراو پێچه‌وانه‌ی رێنمایی دارایی بووه، هه‌ندێكیشیان كه‌موكوڕییان هه‌بووه‌ و ‏وه‌ڵامدراونه‌ته‌وه‌، بەشێكیشیان بە ‌ره‌چاوكردنی بارودۆخی دارایی هه‌رێم به‌ رێنمایی ژمارە ‏‏50 پاڵپشت به‌ بڕیاری ژمارە 14ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ره‌تكراونه‌ته‌وه".‏

دیار نییە وەزارەتی دارایی بۆچی ئەم روونكردنەوەیەی داوە، بەڵام لەدوای خۆپیشاندانی ‏خوێندكاران و داواكردنی دەستكردنەوە بە خەرجكردنەوەی دەرماڵە، پرسی خەرجییەكانی ‏وەزارەتی خوێندنی باڵا و توانای وەزارەتەكە و حكومەت بۆ خەرجكردنەوەی دەرماڵە ‏بووەتە بابەت.‏


PM:01:40:30/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت