هێڤیدار ئەحمەد: له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان پارتی 47 كورسی و نه‌وه‌ی نوێ 17 كورسی ده‌هێنێت


وێستگه‌ نیوز ـ
هێڤیدار ئه‌حمه‌د، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پێشبینیه‌كانی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان و ژماره‌ی كورسی لایه‌نه‌كان ئاشكرا ده‌كات، ده‌شڵێت: "پارتی 47 كورسی و نه‌وه‌ی نوێ 17 كورسی ده‌هێنێت".


له‌ وتارێكدا كه‌له‌ ماڵپه‌ری رووداو بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، هێڤیدار ئه‌حمه‌د، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: "گرەوی زۆر لەسەر ئەوە هەیە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە خولی پێنجەم رەنگە دوابکەوێت، لەبەر چەند هۆکارێکی هونەری، یاسایی و سیاسی.
 
ده‌شڵێت: "دەبێ هەیکەلی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە، کە وادەکەی تەواوبووەو دەبێت بەگوێرەی مافی لایەنەکانی ناو پەرلەمان دابنرێت، پارتی ئەمجارە لە نۆ کۆمسیاری نێو ئەنجومەنەکە بەگوێرەی 45 کورسی پەرلەمان، داوای پشکی خۆی دەکات، لایەنەکانی دیکەش ئەو مافەیان هەیە بەگوێرەی کورسییەکانی ناو پەرلەمان داوای مافی خۆیان بکەن".

هێڤیدار ئه‌وه‌شی نووسیوه‌: "ئەوەی من ئاگادارم لە بڕیاری سیاسی حزبکەم (پارتی دیموکراتی کوردستان) لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت، نابێت هیچ بیانوویەکی سیاسی ببێتە رێگر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان. کە ئەگەر بە رێکارە ئاساییەکانی خۆیدا بڕوات، دەبێ لە مانگی ئەیلوولی 2022 دا بکرێت".
 
باسی له‌وه‌شكردووه‌: پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان 45 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، ئێستاش ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و بە پشتبەستن بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق کە لە 10-10-2021 ئەنجامدرا، بەگوێرەی دەنگەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بێت، پارتی بۆ پەرلەمانی کوردستان 47 کورسی بەدەستدەهێنێت و رەنگە زیاتریش بێت. "واتە پارتی قەت دوودڵ نییە کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و بگرە پاڵپشتی سەرسەختی ئەوە دەبێت".
 
له‌ باره‌ی لایه‌نه‌كانی دیكه‌وه‌ نووسیویه‌تی: هەر بەگوێرەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، کێبڕکێیەکی تووند لە نێوان یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و نەوەی نوێدا دروستدەبێت کە کێ هێزی دووەم دەبێت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.
 
ده‌شڵێت: "لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کۆی دەنگەکانی هەموو لایەنەکان کە بەشداربوون و سەرکەوتوون کۆدەکرێتەوە و دابەشی 100 کورسی پەرلەمانی دەکرێت، ئینجا نرخی هەر کورسییەک دەردەکەوێت، ئەمە جگە لە 11 کورسی کۆتاکان. واتە 1232897*100= 12328 دەنگ نرخی هەر کورسییەک دەبێت".
 
ئەمەی خوارەوە دەنگی لایەنە کوردستانییەکانی هەرێمی کوردستانە جگە لە دەنگەکانیان لە کەرکوک، موسڵ و ناوچەکانی دیکەی عیراق.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان
579670 (دەنگی پارتی) / 12328 (نرخی کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان) = 47 کورسی
 
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان
236807 (دەنگی یەکێتی) / 12328 = 19 کورسی
 
نەوەی نوێ
204855 / 12328 = 17 کورسی
 
کۆمەڵی دادگەری
64156 / 12328 = 5 کورسی
 
یەکگرتووی ئیسلامی
105493 / 12328 = 9 کورسی
 
ئەوانیدیکە
35321 / 12328 = 3 کورسی.


AM:11:22:28/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 9184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت