له‌ باره‌ی هاتنی 200 ملیار دیناره‌كه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌درێت


وێستگه‌ نیوز ـ
جێگری سەرۆکی خولی چوارەمی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، تا جێبەجێکردنی یاسای بودجە هاتنی 200 ملیارەکە بەردەوام دەبێت، ده‌شڵێت: "هەرێم هەموو بیانووەکانی بەغدای بڕیوە بۆ ناردنی پشکی کورد لە یاسای بودجەدا".


بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی خولی چوارەمی پەرلەمانی عیراق له‌ دیدارێكی كه‌ناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند: "بەشێک لەلایەنەکانی دەسەڵات ئەو کورسییانەیان بەدەست نەهێنا کە چاوەڕییان دەکرد، بۆیه‌ هەندێک لە گروپە شیعەکان دوای دۆڕانییان لە هەڵبژاردنەکاندا پشێوییان دروستکردووە".

باسی لەوەشکردووە: "لایەنی کوردی لەناوخۆیدا خەریکی خۆرێکخستنەوەیە بۆ بەشداریکردنیان لە حکومەتدا و نەخشەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق روون نییە، بۆیە تا ئێستا هیچ داواکارییەکی پێشوەخت نییە لەلایەن کوردەوە".

وتیشی: "یەکریزی لە بەغدا دەبێت لە چوارچێوەی ماف و ئیمتیازاتی خەڵک بێت".

لەبارەی هاتنی 200 ملیارەکەوە بۆ هەرێم وتی: "تا جێبەجێکردنی یاسای بودجە هاتنی 200 ملیارەکە بەردەوام دەبێت".

به‌شیر حه‌داد جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌، هەرێم هەموو بیانووەکانی بەغدای بڕیوە بۆ ناردنی پشکی کورد لە یاسای بودجەدا، دەشڵێت، "مانگانە بەغدا پێویستە ترلیۆنێک دینار بدات بە هەرێم".

بەشیر حەداد دەشڵێت، "تا هەرێم ئەگەر نەوت نەنێرێت بۆ بەغدا دەبێت 350 ملیار دینار مانگانەی بۆ رەوانه‌ بکرێت".

لە چەند مانگی رابردوودا حکومەتی عیراق مانگانە بڕی 200 ملیار دیناری بۆ هەرێم ناردووە و لەم مانگەشدا هەرێم چاوەڕوانی 200 ملیارەکە دەکات تا مووچە بێ لێبڕین دابەشبکات.


PM:10:41:24/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 7552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت