محەمەد دوشیوانی: خۆم کوڕەکەم ڕادەستی یاسا کرد

‌محەمەد دوشیوانی

وێستگە نیوز-

محەمەد دوشیوانی، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەکەرکوک و باوکی ئەو گەنجەی تۆمەتبارە بە کوژرانی کارمەندێکی سکویرتی لەشاری سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی کوڕەکەی تۆمەتبارکرا بە کوژرانی کارمەندێکی ئەمنی راستەوخۆ رادەستی یاسای کردووە، دەشڵێت، "کوڕەکەم ڕادەستی کەس و کاری کوژراوەکە کرد بەڵام ڕەتیان کردەوە"

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2021، کارمەندێکی سكویرتی پرۆژەی نیشتەجێبوونی دەروازە سیتی لە سلێمانی لە پرسگەی پرۆژەكە لەلایەن  گەنجێکەوە بە دوو فیشەک بریندار دەکرێت و لە نەخۆشخانەی دەردەکەوێت گیانی لەدەستداوە، ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی کارمەندەکە کوڕی محەمەد دوشیوانی بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوک-ی یەکێتییە.

محەمەد دوشیوانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی دەربارەی رووداوەکە بە وێستگە نیوزی راگەیاند، "شاندێک لە کەرکوک بوون هاتوونەتە سلێمانی بۆ مانەوە کوڕەکەم ویستوویەتی بچێت جێگەی مانەوەیان بۆ دابین بکات، لە کاتێکدا خۆی لە خەودا بووە و هەستاوە و چۆتە دەرەوە، بەڵام ئەم رووداوەی بەسەردا هاتووە".

باسی لەوەشکرد، "لەوەتی رووداوەکە روویداوە کوڕەکەم، هەڵاتووە بە خۆمان و خزم و کەسوکار سەرقاڵی دۆزینەوەی بووین و ئەمرۆ توانیومانە بیدۆزینەوە و تەلەفۆنم بۆ بنەماڵەی کوژراوکە کردووە کە بەدەست و قاچی بەستراوەوە کوڕەکەمتان بۆ دەهێنم، بەڵام ئەوان قبوڵیان نەبووە و داویانکردووە بدرێتە دادگا، هەربۆیە ئەمشەو کوڕەکەم لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و ئێستا لە زیندانە".

ئاماژە بەوەشدەکات، "چاوەروانی ئەوەین، یاسا و دادگا سەروەر بێت و رۆڵی خۆی ببینێت". دەشڵێت، "دادگا بە خوێنی خۆمان و ڕەفیقەکانمان بنیادمان ناوە، خۆمان لەخەڵک زیاتر پابەند بڕیارەکانی دەبین".

هاوکات ئەمرۆ پێنجشەممە، لە ڕاگەیەندراوێکدا، نوسینگەی لیوا چەتۆ ساڵح بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەکرد، "‎سەبارەت بە ڕوداوەکەی شەوی ڕابردوو کە بووە ھۆی كوشتنی (ه.م .ك) کە لە دایكبووی ساڵی 1990 یە و دانیشتووی گەڕەكی شەكرەكەیە لە سلێمانی و كارمەندی سکویرتی دەروازە سیتی بووە، بکوژی تاوانبار کەسێکی ناسراوە و ناو و ناونیشانی زانراوە".

ئەوەشیخستەڕوو، "لە دوای ڕووداوەكەوە هێزە ئەمنییەكانمان لە هەوڵی دەستگیركردنی تاوانبار و بكوژەكەدان تا ڕاپێچی بەردەم یاسای دەكەین و لەكاتی دەستگیركردنی تاوانبارەكەدا وردەكاری و زیاتر دەخەینە ڕوو"، لەلایەکی دیکەوە ئاسایشی سلێمانی سەرەڕای پشتڕاستکردنەوە و دەستگیرکردنی تۆماتباری رووداوەکە، ئاماژە بەوەشدەکات، "تاوانبار كوڕی بە‌رپرسێكی شاری كە‌ركوكە‌ و بە‌سوپاسە‌‌وە‌ كە‌سوكارە‌كە‌شی ھاوكار بوون لە‌ دە‌ستگیركردنی".


PM:10:34:14/10/2021


ئه‌م بابه‌ته 3624 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو