لە گەرمیان دوو تۆن بۆمب و تەقەمەنی دەدۆزرێتەوە


وێستگه‌ نیوز-

سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین رایگەیاند، دوو تۆن بۆمب و تەقەمەنیان لە سنووری گەرمیان دۆزیوەتەوە و هەڵیانگرتووەتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 22ی ئەیلولی 2021، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین بە رووداوی راگەیاند، ''تیمی لەناوبردنی تەقەمەنیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین/گەرمیان، 18 بۆمبی فڕۆکە و ژمارەیەك پارچە تەقەمەنیی جۆراوجۆریان لە قەزای کفری دۆزیوەتەوە و بۆ شوێنێکی سەلامەت گواستوویانەتەوە.''
 
جەبار مستەفا دەشڵێت، "لە هەمان ناوچە 46 پارچە تەقەمەنی دیکە دۆزراونەتەوە و گواستراونەتەوە، کە سەرجەمیان هی سەردەمی حوکمڕانی بەعس و بە دیاریکراوی هی شەڕی ئێران-عێراقن".
 
هەرچەندە زیاتر لە 25 ساڵە رێکخراوە بیانی و فەرمانگە حکومییەکان سەرقاڵی پوچەڵکردنەوەی مینن لە هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا کۆتاییان نەهاتووە.
 
سندووقی هاریکاریکردنی منداڵان سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ناسراو بە یونیسێف بڵاویكرده‌وه‌، لە هەشت مانگی ساڵی 2021دا لە عێراق 35 منداڵ بەهۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنییەکانی پاشماوەی جەنگ گیانیان لەدەستداوە و 41 منداڵی دیکەش برینداربوون.


PM:04:42:22/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 1368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت