161 كۆچبه‌ر له‌ خنکان رزگارکران

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، 161 کۆچبەر کە لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی یۆنانەوە گەڕێندرابوونەوە سنوورە ئاوییەکانی تورکیا لە ھەردوو پارێزگای ئیزمیر و ئایدن، لەلایەن هێزە دەریاییەکانی تورکیاوە رزگارکران.


ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکان دوای ئاگادارکردنەوەیان لە بوونی بەلەمێکی لاستیکی کۆچبەران لە پێنج ھەڵمەتی جیاوازدا، 45 کۆچبەریان لە سنورە ئاوییەکانی قەزای چەشمە، 36 کۆچبەریان لە سنورە ئاوییەکانی قەزای دیکیلی و 56 کۆچبەریان لە سنوورە ئاوییەکانی قەزای سەفەریھیسار سەربە پارێزگای ئیزمیر رزگارکردووە.

هاوکات، 24 کۆچبەری دیکەیشیان لە سنوورە ئاوییەکانی قەزای کوشئاداسی سەربە پارێزگای ئایدن رزگار کرد.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، سەرجەم ئەو کۆچبەرانە کە لە پێنج ھەڵمەتی جیاوازدا رزگارکران، لەنێو بەلەمی لاستیکیدا بوون و لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی یۆنانەوە گەڕێندرابوونەوە سنورە ئاوییەکانی تورکیا.

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ باسی لەوەشکردووە، دوای راییکردنی کاروبارەکان، کۆچبەران رەوانەی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی ھەریەک لە ئیزمیر و ئایدن کران.

لەماوەی رابردووشدا، 41 کۆچبەری کورد لەرێگای گەشتنیان بە ئیتاڵیا لەنزیک دورگەیەکی یۆنان گیریانخوارد، دوای ئەوەی کاپتنی یەختەکە جێیهێشتن.


PM:04:00:21/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 2376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو