بەڕێوەبەری باج: لێخۆشبوون لە باج لە هیچ کۆمپانیایەک نەماوە
وێستگه نیوز-
بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان، رایدەگەیهنێت، سەرجەم کۆمپانیا نەوتییەکان و سیکیوریتییەکانی ئەو کرێکارە بیانیانەی لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان کاردەکەن باجدەدەن و لێخۆشبوون لە هیچ کۆمپانیایەک نەماوە، ئاماژه بهوهشدهكات، مانگی تەممووزی داهاتوو وەرگرتنی باج لە هۆتێل و رێستۆرانتەکان و مانگی ئابیش نەخۆشخانە ئەهلییەکان جێبەجێدەکرێ.
كەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان له لێدوانێكى رۆژنامهوانیدا رایگهیاند، ئێستا ئەو کۆمپانیایانەی لە کەرتی وزە و بەتایبەت نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن لەگەڵ کرێکارەکانی کەرتەکە و کۆمپانیا سیکویریتییەکانیش باجدەدن و لێکۆڵینەوە لە حساباتیان دەکرێت و لێخۆشبوون لە باج لە هیچ کۆمپانیایەک نەماوە.
کەمال تەیب وتیشی،سەرەتای مانگی تەممووز بڕیاری وەرگرتنی باج لە هۆتێل و مۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان و رێستۆرانتەکان جێبەجێدەکرێت و رێژەی 10٪ دەچێتە سەر مینۆ و پلیتی کۆتایی حسابات.
ئهوهشى خستهڕوو، لە سەرەتای مانگی ئاب رێژەی 5٪ باج دەچێتە سەر پسووڵەی ئەو خزمەتگوزارییانەی لە نەخۆشخانەکان پێشکێشدەکرێن و ئەمەیان ناچێتە سەر بەکاربەر و خەڵک، بەڵکو لە نەخۆشخانەکان وەردەگیرێت لە پای خزمەتگوزارییەکان.
کەمال تەیب ئەوەی جهختیكردهوه، "ئەو رێژە باجە دەچێتە سەر خزمەتگوزارییەکانی وەکو نەشتەرگەری، پشکنین و مانەوە، بەڵام ناچێتە سەر نەخۆش".
كەمال تەیب دهشڵێت: "هەموو ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان هەن و ئیشدەکەن باجدەدەن، ئەوانەی وەهمین و لەسەر کاخەزن و ئیشیان نەماوە خۆشیان نەماون."
ئهوهشى نیشاندا، وەرگرتنی باج لە کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن و ئینتەرنێت لەلای ئەوان وەرناگیرێت و خراونەتە رەشنووسی بوودجەی ئەمساڵەوە و دواتر لە پەرلەمان یەکلاییدەکرێتەوە.
ئهو وتی: ئەو پڕۆژەیە جارێ ماوە و ئێستا باجی لەسەر وەرناگیرێت.
کەمال تەیب له بارهى بە وەرگرتنی باج لەسەر داهاتی تاکەکەس وتی، "لە بەغدا دەمێکە جێبەجێدەکرێت و ئەوانەی داهاتییان لە سەروو ملیۆنێک دینارەوەیە باجدەدەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان رێژەکە زۆر کەمە".
بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری لە هەرێمی كوردستان، راشیگهیاند کە داهاتەکانی باج لە هەرێمی کوردستان زیادیانکردووە بەبێ ئەوەی هیچ ژمارە یان رێژەیەک بدرکێنێت.
PM:03:48:21/06/2021
ئهم بابهته 2024
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت