تۆڕی پاراستنی تەندروستی: بەرێوەبەری پێشووی هیوا هەموو سیستمی ئایتی نەخۆشخانەی داوە بە ئەنوەر شێخە

‌پاراستنی تەندروستی:"هەموو سیستمی ئایتی نەخۆشخانەی هیوا ئێستا لە لای ئەنوەر شێخەیە"

وێستگە نیوز-

تۆڕی پاراستنی تەندروستی دەڵێت، "ئەنوەر شێخە ئیش بۆ ئەوە ئەکات کە نەخۆشی شێرپەنجە لە هیواوە ڕاکێشن بۆ مۆڵەکەى"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەموو سیستمی ئایتی نەخۆشخانەی هیوا ئێستا لە لای ئەنوەر شێخەیە".

لە راگەیەندراوێکدا ئەمرۆ شەممە 19ی حوزەیرانی 2021. تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی لە بارەی نەخۆشخانەی هیواوە داوای ڕوونکردنەوە لە ئەنوەر شێخە دەکات و ڕایگەیاندووە، "بەگوێرەی زانیاریەکانی تۆڕەکەمان، مۆڵی ئەنوەر شێخە خەریکی پیلانێکە دژی نەخۆشخانەی هیوا و نەخۆشەکانی".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەگوێرەی زانیارییەکان ئەنوەر شێخە ئیش بۆ ئەوە ئەکات کە نەخۆشی شێرپەنجە لە هیواوە ڕاکێشن بۆ مۆڵەکە، لەم بارەوە تۆڕەکەمان ئاگادارکراوەتەوە کە خودی ئەنوەر شێخە بە هاوکاری چەند پزیشکێکی تر خەریکی ئەو کارەن، هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، پزیشکێک بەناوی هاژەوە داوا لە نەخۆشەکانی هیوا ئەکات بچنە ئەنوەر شێخە".

پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، ماوەی چەند رۆژێک مانگرتنیان لە کارەکانیان راگەیاند و داوایانکرد مووچەی شەش مانگی ڕابردووی  (بدل عیادات)یان بۆ خەرجبکرێت، ئەمە جگە لەوەی ماوەی چەند رۆژێک دەرمانە لە نەخۆشخانەکەدا کەمبۆتەوە، هاوکات تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، تەنیا %2ی خەرجی بۆ دەرمانی نەخۆشخانەی هیوا دابیندەکرێت".

تۆڕەکە ئاماژە بەوەشدەکات، "ئەوەش بە تۆڕەکەمان راگەیاندراوە کە هەموو سیستمی ئایتی نەخۆشخانەی هیوا ئێستا لە لای ئەنوەر شێخەیە، ئەم کارەش لەڕێی کەسێکەوە بەناوی دۆستی کە پێشتر بەرێوەبەری هیوا بووە ئەنجامدراوە".

تۆڕەکە ئەوەشدەخاتەڕوو، "ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەم ڕەفتارانەی ئەنوەر شێخە ئەکەی، دڵنیاشیان ئەکەینەوە کە هەموو رێگا یاسایی و مەدەنییەکان دەگرینەبەر بۆ سزادانی ئەوانەی کە چاوچنۆکانە دەست بۆ گیرفانی نەخۆشەکانی شێرپەنجە دەبەن".

ماوەی دوو رۆژە لەسەر شەقامەکانی شار و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە بەرزکردنەوەی پۆستەر پشتگری نەخۆشخانەی هیوا و نابۆ ڕادەستکردنی دەکر‌ێت بە کەرتی تایبەت و هاوکات داوای دابینکردنی بڕی دەرمانی نەخۆشخانەکەش دەکرێت، ئەمە جگە لەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتگیرییەکی زۆر لەسەر ڕای گشتی بۆ نەخۆشخانە دروستبووە.

هەر ئەمرۆ شەممە، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی سەردانی نەخۆشخانەکەی کردوو و ڕایگەیاند، " نەخۆشخانەی هیوا بەدەر لە سلێمانی خزمەتی هەرچوار پارچەی کوردستانی کردوە، بەپێی ئەو ئامارەی کە بۆیان باسکردوە لە نەخۆشخانەکە نەک هەر واجبی حکومەتی هەرێمی کوردستانە واجبی حکومەتی عێراقیشە داواکاریەکانیان بۆ جێبەجێ بکات، "ئەوەی دەوترێت نەخۆشخانەی هیوا دەدرێتە کەرتی تایبەت ئەسڵ و ئەساسی نیە".

باسی لەوەشکرد، "پێیان راگەیاندین کە حکومەتی هەرێم بەڵێنیداوە کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات و ئێمەش هەمو هەوڵێک دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی پاڵپشتی ئیداری و سیاسی حکومەتی هەرێم بکەین بۆ ئەوەی ئەم نەخۆشخانەیە نەکەوێت و نەخۆشەکان زەرەرمەند نەبن، هەرچیەک لەسەر شانی ئێمەبێت دەیکەین".


PM:04:02:19/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 10612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت