وادەی‌ دابەشکردنی‌ خۆراکە زیادەکانی‌ بەشەخۆراک دیاریکرا

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
وەزیری‌ بازرگانی‌ عیراق تەواوبوونی‌ رێوشوێنە یاسایی و تەکنیکییەکانی‌ بۆ پێدانی‌ سەبەتەی‌ خۆراکی‌ بە هاووڵاتییان راگەیاند، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی‌ تەموزی‌ داهاتوودا دابەش بکرێت.



عەلا جبوری‌، وەزیری‌ بازرگانی‌ عیراق ئەمڕۆ سێشەممە 15ی حوزەیرانی 2021، لە راگەیەنراوێکدا رایگه‌یاند: لە ئێستادا سەرقاڵی‌ ئامادەکردنی‌ کۆگاکانن بۆ هەڵگرتنی‌ خۆراکەکان کە لە حەوت خۆراکی‌ سەرەکی‌ پێکهاتووە لە چوارچێوەی‌ بەشە خۆراکدا.  

عه‌لا جبوری وتیشی‌: "سەبەتەی‌ خۆراک گۆڕانکارییەکی‌ گەورەیە لە پڕۆسەی‌ چاکسازیی لە سیستەمی‌ بەشەخۆراک و زیادکردنی‌ خۆراکەکان لە چوار خۆراکەوە بۆ حەوت خۆراک".  

مانگی ڕابردوو ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ عیراق بڕیاری‌ زیادکردنی‌ ماددەکانی‌ بەشەخۆراکیدا کە بریتین لە دۆشاوی‌ تەماتە، نیسک و نۆک و فاسۆلیا، لەگەڵ خۆراکەکانی‌ دیکەی‌ وەک شەکر، زەیت، ئارد و برنج.  

بەپێی بڕیاری‌ وەزارەتی‌ بازرگانی‌ عیراق، لەمانگی‌ تەموزەوە دابەشکردنی‌ خۆراک بۆ هەر هاوڵاتییەک بەم شێوەیە دەبێت، برنج سێ کیلۆ، شەکر یەک کیلۆ، زەیت یەک لیتر، دۆشاوی تەماتە چوارسەد گرام، فاسۆلیا و نیسک و نۆک یەک کیلۆ، ئارد نۆ کیلۆ.  


PM:07:14:15/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 34092 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت