نوێترین لێدوانی مەسرور بارزانی سەبارەت بەكەیسی سزادراوانی بادینان


وێستگە نیوز-

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی كەیسی حوكمدراوانی بادینان رایدەگەیەنێت "كەیسەكە بابەتێكی یاساییە و لەو چوارچێوەیەدا هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكرێت".
 
وێستگە نیوز لە تێلیگرام جۆین بكە

ئێوارەی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لەشاندێكی باڵای ئەمریكی كرد كە پێكهاتبوو لە جۆوی هوود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك بە وەكالەت، ئەیمی كەترۆنا نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ سووریا بە وەكالەت و زەهرا بێل، بەڕێوەبەری كاروباری سووریا و عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا.
 
بەپێی راگەیەنراوی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم، لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا  هەردوولا پشتیوانی خۆیان بۆ ئازادیی كاری راگەیاندن و ئازادیی رادەربڕین و رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و كاری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەربڕی.

سەبارەت بەكەیسی سزادراوانی بادینان، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەداوە "ئەوە بابەتێكی یاساییە و لەو چوارچێوەیەدا هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكرێت"، هەروەها پشتیوانی و پێزانینی خۆی بۆ كاری دیپلۆمات و نێردە دیپلۆماسییەكان لە هەرێمی كوردستان دەربڕی.
 
مەسرور بارزانی وتویەتی "رەفتارە نایاساییەكانی سزادراوان و خراپ بەكارهێنانی پەیوەندییەكانیان، بەهیچ شێوەیەك گومان لەسەر لایەنە دیپلۆماسییەكان دروست ناكات، حكومەتی هەرێم كاری دیپلۆماتكارانی ناو هەرێمی كوردستان، بەرز دەنرخێنێت و هەموو ئاسانكارییەكی پێویستیان پێشكەش دەكات".
 
هەروەها شاندی باڵای ئەمریكا جەختی لەبەردەوامبوونی هاوكاریكردنی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی "تیرۆریستان"ی داعش كردەوە، هەروەها ئاماژە بە گرنگیی كاراكردنی سەنتەری هەماهەنگیی هاوبەش كرا لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق.


PM:09:58:16/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 12612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت