یەكگرتوو: بەرگریكردن لە قودس ئەركێكی ئاینی و شەرعییە

‌یەکگرتوو

وێستگەنیوز-

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوو رایگەیاند، لەهەردوو رەهەندی ئاینیی و مرۆییەوە پشتیوانیکردن لەگەلی فەڵەستین ئەرکی هەموو لایەکە و یەکگرتووش  لە چوارچێوەی توانای مەعنەوی و ڕاگەیاندنی خۆیاندا ھاوخەمی و ھاوسۆزی و پشتیوانی دەردەبڕێت بۆ کێشەی خەڵکی فەڵەستین، قودس و مزگەوتی ئەقسا.

هادی عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوو لەپەیامێکدا کەوێنەیەکی بۆ وێستگەنیوز نێردراوە ئاماژەی بەوەشکردوە، کێشەی ئێستای نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دوو رەهەندی هەیە  "ڕەھەندی ئاینی کە شاری قودس و مزگەوتی ئەقسا وەک قیبلەی یەکەمی موسڵمانان و ئیسراو میعراجی پێغەمبەری خاتەم موحەممەدــ دروودو سەلامی لەسەر ــ وشوێنە پیرۆزەکانی تریش کە لە ژێر داگیرکاری وھەرەشەی شێواندندایە ، دیارە بەرگرلیێکردنیان ئەرکێکی ئاینی وشەرعیە و ڕوودەکاتە ھەمو موسڵمانانی جیھان".

باسی لەوەشکردوە، "ڕەھەندی دوەم : ڕەھەندێکی ئینسانیە کە خاک وخەڵکی فەلەستین دەیان ساڵە بەردەوام  دوچاری داگیرکاری و ئاوارەبوون و گەمارۆ و گۆڕینی دیمۆگرافیا و کوشتن و بڕین وجۆرەھا ستەمکاری دڕندانە دەبنەوە، وەک ئەوەی لەم ڕۆژانەدا لە کەرتی غەززە و زۆربەی ناوچەکانیتری فەلەستین ڕوودەدات، بێگومان بەرگریلێکردن  و پشتیوانیکردن لە خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین ،ئەرکێکی ئینسانی و ئەخلاقیە و ڕوودەکاتە ھەمو  گەلانی جیھان بە ئێمەی گەلی کورد و خەڵکی کوردستانیشەوە".

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوو ئەوەشی خستوەتەڕو، "ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ھەردوو ڕەھەندەکەوە بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆمانی دەبینین کە لە چوارچێوەی توانای مەعنەوی و ڕاگەیاندنی خۆماندا ھاوخەمی و ھاوسۆزی و پشتیوانی دەرببڕین بۆ کێشەی خەڵکی فەلەستین و کێشەی قودس و مزگەوتی ئەقسای پیرۆز".

ماوەی هەفتەیەک شەڕ و پێکدادانێکی سەختی سەربازی لەکەرتی غەززە دەستیپێکردوە و بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانیش بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە تاوەکو دوای نیوەڕۆی یەکشەممە، 188 کەس کوژراون کە 55 لەوانە منداڵ بوون، 1230 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
سەبارەت بە ئاماری کوژراوەکانی نێو ئیسرائیلیش، تاوەکو ئێستا ئاماژە بە کوژرانی 10 کەس دەدرێت، کە یەکێکیان منداڵ بووە و یەکێکیشیان سەرباز.

هـ.هـ


PM:07:25:16/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 2436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت