سوپای پاسداران: ژێرخان و دامەزراوە گرنگەکانی کوەیت و بەحرەینمان پێکاوە


وێستگە نیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی تەمموزی 2026، ناوچەکە رووبەڕووی گرژییەکی سەربازیی بێوێنە بووەوە، دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی بە مووشەک و درۆن بۆ سەر چەند بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ولاتانی کوەیت و بەحرەین راگەیاند.


سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، کە ژێرخان و دامەزراوە گرنگەکانیان لە بنکەکانی (عەریفجان و عەلی سالم) لە کوەیت، و بنکەکانی (جوفەیر و شێخ عیسا) لە بەحرەین پێکاوە، تاران ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە وەک وەڵامێک بووە بۆ دەستدرێژییەکانی ئەمریکا بۆ سەر پارێزگا کەناراوەکانی باشووری وڵاتەکەی و هەڕەشەی ئەوەش دەکات ئەگەر واشنتۆن هێرشەکان دووبارە بکاتەوە، بازنەی ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ سەر بنکەکانی تری ناوچەکە فراوانتر دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە رێگەی پلاتفۆرمی (تروس سۆشیاڵ)ـەوە پشتڕاستی کردەوە کە سوپای وڵاتەکەی چەند شارێکی ئێرانی بۆردومان کردووە. ترەمپ رایگەیاند، ئەم هێرشانە وەڵامێک بوون بۆ تاران کە پێشتر کەشتییەکانی ئەمریکای کردبووە ئامانج و هۆشداری دا کە ئەگەر کارێکی وا دووبارە ببێتەوە، دۆخەکە بۆ ئێران زۆر خراپتر دەبێت.

لەسەر ئاستی ناوچەیی، سوپای کوەیت و بەحرەین رایانگەیاند کە سیستەمە بەرگرییەکانیان توانیویانە بەرپەرچی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بدەنەوە، لە هەمان کاتدا وەزارەتی ناوخۆی قەتەر بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هەڕەشە ئەمنییەکان باری نائاسایی راگەیاند و داوای لە هاووڵاتییان کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

لەکۆتاییدا، قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، گەرووی هورمز تەنیا بەو مەرج و رێکارانە دەکرێتەوە کە ئێران دیارییان دەکات.


AM:09:22:09/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت