ناتانیاهۆ: هەرچەند ناکۆکیمان هەبێت لەگەڵ ئەمریکا لە کۆتاییدا ئێمە هاوبەش و هاوپەیمانێکی بەهێزی یەکترین
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "رێگە نادەین رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەسەر سنوورەکانمان جێگیر ببن".
ئاماژەی بەوەکرد، "زیانێکی گەورەمان بە ئێرانییەکان گەیاند و ئیسرائیلمان لە مەترسیی لەناوچوونی ئەتۆمی پاراست، ئەگەر بەپەلە هێرشمان نەکردایە سەر ئێران، دەستیان بە بۆمبی ئەتۆمی دەگەیشت".
ناتانیاهۆ وتی، "مەترسیی لەناوچوونی ئیسرائیل و دانیشتووانەکەیمان دوورخستەوە، هەروەها رەنج و خەباتمان هێشتا کۆتایی نەهاتووە".
ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانیان رێبەرانی ئێرانیان کوشتووە و زیانی قورسیان بە دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە گەیاندووە.
وتیشی، "حەسەن نەسروڵڵامان کوشت و رێگریمان لە داگیرکردنی ناوچەی جەلیل کرد، هەروەها چووینە ناو شاری غەززە و محەمەد دێف، ئیسماعیل هەنیە و یەحیا سینوار و هەموو ئەوانەمان کوشت کە دەستیان لە کۆمەڵکوژیی 7ی ئۆکتۆبەردا هەبوو".
لە بارەی بارمتە ئیسرائیلییەکان کە لەدەستی حەماس مابوونەوە ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەدا، "هەموو رفێندراوەکانیان لە غەززە گەڕاندووەتەوە و توانیویانە ئیسرائیل لە وێرانکاری رزگار بکەن".
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا باسی لەوەکرد، "ئەمریکا هاوپەیمانێکی بەهێز و دێرینی ئیسرائیلە، هەرچەندە جار جارە ناکۆکیمان دەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا ئێمە هاوبەش و هاوپەیمانێکی بەهێزی یەکترین".
PM:10:03:15/06/2026
ئهم بابهته 200
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت