قەتەر: رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ ئاشتیی ناوچەکە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، دەوڵەتی قەتەر بە فەرمی پێشوازی لە گەیشتن بە رێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، کە ئامانج لێی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریاوانییە لە گەروی هورمز.


شێخ محەمەد بن عەبدولرەحمان، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، دەستخۆشی و سوپاسی خۆی ئاراستەی وڵاتی پاکستان و سەرجەم ئەو لایەنانە کرد کە رۆڵی کاریگەریان هەبووە لە رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ لێکتێگەیشتن، ناوبراو ئاواتی وڵاتەکەشی دەربڕی کە هەموو لایەنەکان بە گیانێکی ئەرێنییەوە بەشداری لە گفتوگۆکانی داهاتوودا بکەن.

لەلایەکی دیکەشەوە، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە "ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە هەنگاوێکی بنەڕەتییە بەرەو بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام و هاندەری گەشەی ئابووری دەبێت لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی".

دەوڵەتی قەتەر جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی کردەوە لە پشتگیریکردنی ئەو دەستپێشخەرییانەی کە ئامانجیان بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە، ئەمەش تەنها لەرێگەی گفتوگۆ و ئامرازە دیپلۆماسییە ئاشتیانەکانەوە بەدی دێت.


AM:09:24:15/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت