وردەکاری رەشنووسی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران ئاشکرا کرا


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ 14ی حوزەیرانی 2026، بەرپرسێکی باڵای حکومەتی ئێران، ناوەڕۆک و وردەکاری رەشنووسی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتۆنی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرا کرد، کە چەندین دۆسیەی گرنگی وەک بەرنامەی ئەتۆمی، کردنەوەی گەرووی هورمز و لابردنی سزا داراییەکان لەخۆدەگرێت.


بەپێی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسە، رێککەوتنەکە بەم شێوەیە دابەشکراوە:

دۆسیەی گەرووی هورمز و گەمارۆ دەریاییەکان: ئێران پابەند دەبێت بەوەی دەستبەجێ گەرووی هورمز بەڕووی سەرجەم کەشتییە بازرگانییەکاندا بکاتەوە، لە بەرانبەردا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکانی سەر بەندەرەکانی ئێران لادەبات، کە بڕیارە ئەم پرۆسەیە لە ماوەی 30 رۆژ دوای واژۆکردنی یاداشتەکە تەواو بێت.

لایەنی دارایی و ئابووری: واشنتۆن رەزامەندی نیشانداوە لەسەر نەسەپاندنی هیچ سزایەکی نوێ بەسەر ئێراندا تا کاتی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، هەروەها بڕیاردراوە بە ئازادکردنی 25 ملیار دۆلار لە سەرمایە بەستووەکانی ئێران لە رێگەی گواستنەوەی راستەوخۆ و هێڵەکانی قەرزی دارایی، هاوکات ئەمریکا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سزاکانی سەر نەوتی ئێران لادەبات تا تاران بتوانێت داهاتەکەی وەرگرێتەوە، پلانیش هەیە بۆ داڕشتنی پڕۆژەیەکی بنیاتنانەوە و گەشەپێدان بۆ ئێران بە هەماهەنگی وڵاتانی ناوچەکە.

دۆسیەی ئەتۆمی: تاران بە فەرمی رەزامەندی دەربڕیوە کە چەکی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت و خاوەندارێتی نەکات، تا کاتی رێککەوتنی کۆتاییش، ئێران دۆخی ئێستای بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەپارێزێت و پیتاندنی یۆرانیۆم فراوان ناکات، لە بەرانبەردا، ئەمریکا رێگە دەدات تاران کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی بەرز سووک بکات یان روونی بکاتەوە، بڕیاریشە لە ماوەی 60 رۆژدا دانوستانی وردتر لەسەر میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرنامە ئەتۆمییەکە بکرێت.

ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە وەک بنەمایەک دەبێت بۆ رێککەوتنی کۆتایی کە بڕیارە لە ماوەی 60 رۆژی داهاتوودا سەرجەم سزاکانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی خشتەیەکی کاتی لاببرێن.


PM:02:32:14/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت