کۆبوونەوەیەکی پێنجقۆڵی بۆ رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچێت
وێستگەنیوز-
بڕیارە کۆبوونەوەیەکی پێنجقۆڵی، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی هەوڵەکانی نێوەندگیریی ئیسلام ئاباد لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەبچێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی حوزەیرانی 2026، کەناڵی "العربية" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردەوە، کە کۆبوونەوەیەکی پێنجقۆڵی چاوەڕوانکراو بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا نوێنەرانی وڵاتانی سعودیە، پاکستان، قەتەر، میسر و تورکیا بەشدار دەبن، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئیسلامئاباد بۆ نێوەندگیری.
ئاماژە بەوەکراوە، ئامانجی ئەم کۆبوونەوە پێنجقۆڵییە، گەڕانە بە دوای دۆزینەوەی گەرەنتی پێویست بۆ جێبەجێکردنی هەر رێککەوتنێکی ئەگەری کە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بێتە ئاراوە.
ئەم هەوڵە پێنجقۆڵییە لە کاتێکدایە، کە ناوچەکە لە ژێر گرژییەکی سیاسی و سەربازیی بەردەوامدایە و هەوڵە هەرێمییەکان چڕکراونەتەوە بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە پەرەسەندنێکی نوێ و دابینکردنی زەمینەی گونجاو بۆ سەرکەوتنی دیپلۆماسی نێوان تاران و واشنتۆن.
هەروەها ئەمشەو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال رایگەیاند، "لەبەر ئەوەی دانوستاندنەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی سەرکردایەتیی ئێران و پەسەند کراون، من وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هێرش و بۆردوومانە پلان بۆدانراوەکانی ئەمشەوم بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندنەوە".
ئاماژەی بەوەکرد، "دانوستاندنەکان و خاڵەکانی کۆتایی، هەم لە رووی بیرۆکە و هەم لە رووی وردەکاریی زۆرەوە، لەلایەن سەرجەم لایەنە بەشدارەکانەوە پەسەند کراون، لەنێویاندا ئەمریکا، ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، تورکیا، پاکستان، بەحرین، کوەیت، ئوردن، میسر و چەندانی دیکە".
ترەمپ باسی لە گەمارۆ دەریایەکان کرد و وتی، "گەمارۆ دەریاییەکە بەتەواوی هێز و کاریگەریی خۆیەوە دەمێنێتەوە تاوەکو ئەم رێککەوتنە تەواو دەکرێت".
وتیشی، "کات و شوێنی واژۆکردنی رێککەوتنەکە بەم زووانە رادەگەیەندرێت".
PM:10:19:11/06/2026
ئهم بابهته 440
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت