دۆناڵد ترەمپ: تاران ئەگەر رێككەوتنی نوێ واژۆ نەكات، بۆردومانەكان بە توندی بەردەوام دەبن


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریکا لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی فۆكس نیوز رایگەیاند، "ئەمشەو سوپای وڵاتەكەی بە 49 مووشەكی جۆری تۆماهۆك هێرشی كردووەتە سەر چەند پێگەیەك لە ئێران، كە دەكەونە دووری 40 میل لە دەرەوەی تاران و كەناراوەكانی باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە لەسەر كەنداوی عەرەبی.


سەرۆكی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش كرد، كە "بەرپرسانی باڵای ئێران راستەوخۆ پەیوەندییان پێوە كردووە و داوایان كردووە بۆردومانەكان رابگیرێت"، بەڵام ئەو هۆشداریی پێداون ئەگەر تا بەیانی ئەو رێككەوتنەی لە لایەن دانوستانكارانی ئەمریکاوە خراوەتە روو واژۆ نەكەن، ئەوا بە توندی بۆردومانەكانیان بەردەوام دەبێت، ترەمپ جەختیشی كردەوە كە ئیسرائیل هیچ بەشدارییەكی لەم هێرشانەدا نەكردووە.

لە لایەكی دیکەوە، وەزیری بەرگری ئەمریکا، پێیت هیگسێس رایگەیاند، ئامانجیان لە لێدانی دامەزراوە سەرەكییەكانی ئێران تەنها فشارخستنە سەر ئەو وڵاتەیە بۆ قبوڵكردنی رێككەوتنێكی نوێ، نەك هەڵگیرساندنی جەنگ.

لە بەرامبەردا، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران لەسەر زاری بەرپرسێكی باڵاوە، وتەكانی ترەمپی رەتكردەوە و رایگەیاند، كە بانگەشەی پەیوەندیكردنی بەرپرسانی ئێران بە ترەمپەوە درۆیە و سەرۆكی ئەمریکا ئەم چیرۆكەی بۆ ئەوە هەڵبەستووە تاوەكو خۆی لە جەنگ بدزێتەوە.

هاوكات سوپای ئێران كەوتووەتە دۆخی ئامادەباشی تەواوەوە و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توند دەكات، تاران بڕیاریشیداوە گەرووی هورمز بە رووی هەموو كەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەكاندا دابخات.


AM:10:13:11/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو