میدیای ئەمریکی: خۆشاردنەوەی موجتەبا خامنەیی پڕۆسەی ڕێکەوتنەکەی خاو کردووەتەوە
وێستگەنیوز-
تۆڕی هەواڵی (CBS) لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری بەرپرسانی ئاگادار لە بابەتەکە لە
حکومەتی ئەمریکا ڕایگەیاند کە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، لە شوێنێکی
نادیاردا خۆی حەشارداوە و دەستڕاگەیشتنی بە جیھانی دەرەوە سنووردارە، و پەیوەندییەکانی
تەنها لە ڕێگەی تۆڕێکی ئاڵۆز لە نامەبەرەکانەوە ئەنجام دەدرێت.
ئەم بەرپرسانە لەسەر
بنەمای زانیارییەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە ئەو بەرپرسانەی
حکومەتی ئێران کە مۆڵەتی دانوستانیان لەگەڵ حکومەتی ئەمریکادا هەیە، بۆ دروستکردنی
پەیوەندی لەناو پێکهاتەی حوکمڕانیی وڵاتەکەیاندا ڕووبەڕووی سەختی بوونەتەوە؛ هەر ئەم
بابەتەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دواکەوتنی ڕوونکردنەوەی وردەکارییەکانی ڕێکەوتنەکە
لەگەڵ ئێراندا.
دوو بەرپرسی ئەمریکی بە
سیبیئێسیان ڕاگەیاندووە کاتێک ئەمریکا وردەکارییە پێشنیارکراوەکان دەنێرێت، قورسیی
دەستڕاگەیشتن بە موجتەبا خامنەیی دەبێتە هۆی ئەوەی کە دواکەوتنێکی زۆر لە وەرگرتنی
وەڵامەکاندا ڕووبدات.
موجتەبا خامنەیی لە
کاتی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لەبەرچاوی گشتیی ون
بووە و سەرەڕای ڕاگەیاندنی ناوی وەک سێیەمین ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، تا ئێستا هیچ
دەنگ یان وێنەیەکی بڵاونەکراوەتەوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە
سیبیئێس یان ڕاگەیاندووە کە زۆربەی ڕێبەرانی ئێران لە ئێستادا ڕووناکی ڕۆژ نابینن،
چەندین هەفتەیە لە پەناگە زۆر بەهێزکراوەکاندا دەمێننەوە و تەنها لە حاڵەتی زۆر پێویستدا
نەبێت لە قسەکردن لەگەڵ یەکتردا خۆیان بەدوور دەگرن.
ئەم ڕێوشوێنانە بۆ
موجتەبا خامنەیی بە توندترین شێوە جێبەجێ دەکرێن. بەپێی نووسینی سیبیئێس، لەسەر
بنەمای ئەو میکانیزمەی دیزاین کراوە، تەنانەت بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی ئێرانیش
نازانن ئەو لەکوێیە و هیچ ڕێگایەکیش بۆ پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵیدا نییە.
ماوەیەک لەمەوبەر، مەسعوود
پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بێ ئاماژەدان بە وردەکارییەکان، باسی لە دیدارەکەی لەگەڵ
موجتەبا خامنەیی کردبوو و ستایشی "تایبەتمەندییە کەسایەتییەکانی"
ناوبراوی کردبوو.
AM:10:02:25/05/2026
ئهم بابهته 32
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت