یەکەم لێدوانی ئەمریکا لەسەر پێشنیازەکەی ئەم دواییەی ئێران: بە بۆمب دانوستان دەکەین


وێستگه‌نیوز -
پاش ئەوەی ئێران، بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، پێشنیازێکی نوێی پێشکەش کرد، کۆشکی سپی پێیوایە پێشنیازەکە "هیچ باشتربوونێکی جەوهەریی تێدا نییە و بەس نییە بۆ ئه‌نجامدانی ڕێککەوتن".

 ئەمە بەپێی ئەوەی ماڵپەڕی هەواڵیی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکەوە گواستوویەتییەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی "ئەکسیۆس"، بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت بگاتە ڕێکەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، بەڵام بەهۆی ڕەتکردنەوەی زۆربەی داواکارییەکانی لەلایەن ئێرانەوە و پێشکەش نەکردنی هیچ نەرمیەک و سازشێکی جدی، لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بیر لە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکاتەوە.

هه‌ر بۆیه‌ وا چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ، ڕۆژی سێشەممە، بۆ تاوتوێکردنی بژاردە سەربازییەکان، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئەندامانی باڵای تیمی ئاسایشی نیشتمانیی تایبه‌ت به‌ خۆی، ساز بکات.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ڕایگەیاند: "ئەگەر ئێران هەڵوێستی خۆی نەگۆڕێت، ئەمریکا ناچار دەبێت لە ڕێگەی بۆمبەوە، بەردەوامی بە دانوستانەکان بدات".

ترەمپ پێش وەرگرتنی دوایین پێشنیازی تاران، ڕۆژی یەک شەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە "ئەکسیۆس"ی ڕاگەیاند "کات بەرەو تەواوبوون دەچێت" و هۆشداریی دابوو ئەگەر ئێران نەرمی نەنوێنێت، "ڕووبەڕووی لێدانی زۆر توندتر دەبێتەوە".

بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە، پێشنیازە پێچەوانەکەی ئێران کە ئێوارەی یەک شەممە لە ڕێگەی نێوەندگیرە ئێرانی و پاکیستانییەکانەوە گەیشتووەتە واشنتۆن، بە بەراورد بە پێشنیازه‌كه‌ی پێشوو، تەنیا "گۆڕانکاریی ڕواڵەتیی" تێدابووە.

پێشنیازە نوێیەکە، سەبارەت بە پابەندبوونی ئێران بەوەی کە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات، دەستەواژەی زیاتری تێدایە، بەڵام هیچ بەڵێنێکی وردی تێدا نییە سەبارەت بە ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم یان ڕادەستکردنی کۆگای ئێستای یۆرانیۆمی پیتێندراو بە ڕێژەی بەرز.

لەکاتێکدا میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە ئەمریکا لە کاتی دانوستانەکاندا، ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر هەڵگرتنی بەشێک لە سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران، بەرپرسە ئەمریکییەکە ده‌ڵێت: "هیچ سوککردنێکی سزاکان بە خۆڕایی و بەبێ هەنگاوی هاوتای تاران نابێت".

ئەو بەرپرسە لە درێژەی قسەکانیدا ده‌ڵێت: "ئێمە ئه‌مڕۆ پێشکەوتنێکی گەورە نابینین، ئەمڕۆ لە قۆناغێکی زۆر مەترسیداین. گوشاریان دەخەینە سەر بۆ ئەوەی بە شێوازێکی دروست وەڵام بدەنەوە".

هەروەها ده‌ڵێت: "کاتی ئەوە هاتووە ئێرانییەکان شتێکی بەرجەستە و کۆنکرێتی پێشکەش بکەن، ئێمە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکە، پێویستمان بە گفتوگۆیەکی ڕاستەقینەی توندوتۆڵ و فرەوان هەیە،. ئەگەر ئەوە ڕوونەدا، ئەوا گفتوگۆکە لە ڕێگەی بۆمبەوە دەکەین، ئەمەش کارێکی جێگای داخه‌".

ئەو بەرپرسە ڕوونی کردەوە ئەمریکا و ئێران، دانوستانی ڕاستەوخۆ لەسەر ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە ناکەن، بەڵکو گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ دەکەن بۆ هەوڵدان بە مەبەستی گەیشتن بە سازانێک، لەسەر شێوازی خودی ئەم دانوستانانە.

بەرپرسە ئەمریکییەکە، باس له‌وه‌ ده‌كات پێشکەشکردنی پێشنیازێکی نوێ لەلایەن ئێرانەوە، سەرەڕای سنوورداریی هەموارکردنەوەکان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی تاران، نیگەرانە لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی لێدانی سەربازیی زیاتری ئەمریکا.

لەلایەکی دیکەوە، ئێران هەمیشە گوتوویەتی ترەمپ ئەو لایەنەیە کە زۆر بە پەرۆشەوە هەوڵی بەدەستهێنانی ڕێککەوتن دەدات و کاتیش لە بەرژەوەندی ئێرانه‌.


PM:08:12:18/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت