ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا بۆ ماوەی 45 رۆژی دیکە درێژکرایەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ هەینی 15ی ئایاری 2026، تۆمی پیگۆت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند، "واشنتۆن لە رۆژانی 14 و 15ی ئایاردا میوانداریی دوو رۆژ گفتوگۆی زۆر بەرهەمداری لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان کردووە، لە ئەنجامدا بڕیاردراوە ئاگربەستەکەی 16ی نیسانی رابردوو بۆ ماوەی 45 رۆژی دیکە درێژ بکرێتەوە، تاوەکو دەرفەتی زیاتر بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بڕەخسێت".


بەپێی راگەیەندراوەکە، پرۆسەی گفتوگۆکان بە دوو رێڕەوی جیاواز بەردەوام دەبن لە 29ی ئایاردا لە باڵەخانەی پێنتاگۆن بە بەشداریی شاندە سەربازییەکانی هەردوو وڵات دەستپێدەکات، هاوکات لە 2 و 3ی حوزەیرانی داهاتوو لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەستپێدەکاتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا هیواخوازە ئەم گفتوگۆیانە ببێتە هۆی بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام، داننان بە سەروەریی خاکی یەکتری و دابینکردنی ئاسایشێکی راستەقینە لەسەر سنوورە هاوبەشەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان.


PM:10:17:15/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت