ئەردۆغان: کوردانی سوریا هاوشێوەی هاوڵاتییە کوردەکانی ناو سنووری وڵاتەکەمان برای ئێمەن


وێستگەنیوز-

سەرۆک کۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، کوردانی سوریا هاوشێوەی هاوڵاتییە کوردەکانی ناو سنووری وڵاتەکەمان برای ئەوانن، ئاماژە بەوەشدەکات، گۆڕانکارییەکانی سوریا لە نزیکەوە چاودێری دەکەن و بەردەوامیش دەبن.


ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی تەموزی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆک کۆماری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە هەوڵێکی فرە رەهەندداین بۆ دەربازکردنی وڵاتەکەمان لەدەست نیوسەدە کۆتوبەند، ئەگەر پێویست بێ ریسک بکەین ئەوە دەیکەین، پێویست بە خەباتیش بێ، ئەنجامی دەدەین".

ئاماژەی بەوەکرد، "گەلەکەمان بزانێت کە ئێمە بە دوای داهاتووی سیاسی خۆماندا نین، بەڵکو بە دوای گەرەنتیکردنی داهاتووی گەلەکەمان و وڵاتەکەمانداین".

ئەردۆغان رەخنەی لە کردەوەکانی ئیسرائیل گرت و وتی، "ئیسرائیل وڵاتێکی تیرۆریستییە کە یاسا ناناسێت، پرەنسیپ نازانێت، بێ بنەما و بێ چاوەڕووە، ئیسرائیل بە بیانووی دوورزییەکان، دوو ڕۆژە پەرەی بە چەتەگەری خۆی لە وڵاتی دراوسێمان سوریا داوە".

هۆشداری ئەوەشیدا، "ئەوانەی بە پەتی ئیسرائیل دەچنە ناو بیرەوە، ئەوە درەنگ یان زوو هەست بە هەڵەی لێکدانەوەی خۆیان دەکەن".

پەیوەنیدار بە دۆخی سوریا، سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، "سوریایەکی سەقامگیری، سەقامگیری بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە بەدی دەهێنێت، بە پێچەوانەوە دەبێت باری لەسەر شانی هەموو لایەک بێت، وەزارەت و یەکە ئەمنییەکانی ئێمە لەگەڵ لایەنە بەرامبەرەکانیان لە سوریا لە پەیوەندیدان".

وتیشی، "گۆڕانکارییەکانی سوریا لە نزیکەوە چاودێری دەکەین و بەردەوامیش دەبین، سیاسەتی بنەڕەتی ئێمە پاراستنی یەکپارچەیی و یەکگرتوویی نەتەوەیی و پێکهاتەی (دەوڵەتی) یەکگرتوو، هەروەها فرەڕەهەندی شوناسی کولتووری سوریایە".

ئەردۆغان راشیگەیاند، "هاووڵاتییە کوردەکانی سوریاش هاوشێوەی هاوڵاتییە کوردەکانی ناو سنووری وڵاتەکەمان، برای ئێمەن رێگە نادەین ببنە مەززەی سەرخوانی زایۆنیزم".

ئاژەی بەوەشدا، "کێشەمان لەگەڵ هیچ کەسدا نییە، بەچاوی سووکیش سەیری کەس ناکەین، بە دیدێکی دوژمنانەش لە کەس نزیک نابینەوە، دەستدرێژی ناکەینە سەر ماف، یاسا و سەروەری کەسیش، تەنیا ئاشتیمان دەوێت".​​​​​​​


PM:09:50:17/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو