ئەردۆغان بۆ پزیشکیان: هێرشە نایاساییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 14ی حوزەیرانی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ئەنجامدا.
بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بێت، لە پەیوەندییەکەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان و مەسعود پزیشکیان باسیان لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران و پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان کردووە.
ئەردۆغان رایگەیاند، "هێرشە نایاساییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە تووندترین شێوە ئیدانە دەکەین"، هاوکات سەرەخۆشی خۆی بە گەلی ئێران گەیاند.
سەرۆکی تورکیا جەختی لەوەکردەوە، کە هێرشەکانی ئیسرائیل پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
ئاماژەی بەوەدا، "ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل راکێشانی تەواوی ناوچەکەیە بۆ ناو ئاگرەکە و نەتانیاهۆ هەوڵدەدات بەو هێرشانە پرۆسەی دانوستانە ئەتۆمییەکان تێکبدات".
ئەردۆغان راشیگەیاند، "ئیسرائیل هەوڵدەدات بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران سەرنجی جیهان لە کۆمەڵکوژی غەززە لابدات".
وتیشی، "تورکیا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکات، هەروەها تاکە چارەسەر بۆ کێشە ئەتۆمی پرۆسەی دیپلۆماسییە".
PM:07:25:14/06/2025
ئهم بابهته 420
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت