ئاژانسی فرانس پرێس: عێراق هەوڵدەدات خۆی لە ململانێکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دوور بخاتەوە
وێستگەنیوز- AFP
دوو بەرپرسی باڵای عێراق ئاشکرایانکردووە، کە بەغدا لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ تاران و واشنتۆن بۆ دوورکەوتنەوەی وڵاتەکەی لە ململانێکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
ئەمڕۆ شەممە 14ی حوزەیرانی 2025، دوو بەرپرسی باڵای عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاند، "بەغدا لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ تاران و واشنتۆن بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێ سەربازییە بەردەوامەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل".
عێراق هاوبەشێکی گرنگی ئێرانە و سنوورێکی دوور و درێژ و پەیوەندی مێژوویی و کولتووری و سیاسی هەیە لەگەڵ ئەو وڵاتە، هەروەها ساڵانێکە هەوڵی پاراستنی پەیوەندی ستراتیژی خۆی لەگەڵ واشنتۆن دەدات.
بەرپرسێکی باڵای ئەمنی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "بەغدا داوای لە تاران کردووە خۆی لە بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی وڵاتەکەی بەدوور بگرێت"، دەشڵێت، "ئێران بەڵێنی باشی پێداوین، چونکە ئێران لە داواکارییەکەی ئێران تێگەیشتووە".
هەروەها لای خۆیەوە بەرپرسێکی حکومی کە ناوی ئاشکرا نەکراوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی رایگەیاندووە، بەغدا بە فەرمی داوای لە ئەمریکا کردووە رێگە بە فڕۆکە ئیسرائیلییەکان نەدات کە ئاسمانی عێراق ببەزێنن".
ئەو بەرپرسە جەختی لە گرنگی رێزگرتن لە سەروەری عێراق و یەکپارچەیی ئاسمانی عێراق کردەوە.
عێراق دوێنێ هەینی رایگەیاند، "سکاڵایەکی فەرمی لە ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوەکان لە دژی ئیسرائیل تۆمار کردووە و تۆمەتباری کرد بە بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران".
بەرپرسە حکومییەکەی عیراق لە درێژەی قسەکانیدا وتی،"ئەمریکا وەک وڵاتی پێشەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و رێگری لە هەر پێشێلکارییەک بکات کە هەڕەشە لە ئاسایشی عێراق بکات یان سەقامگیریی عێراق بخاتە مەترسییەوە".
بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 13ی حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ژمارەیەک بنکەی سەربازی و ئەتۆمی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمیی وڵاتەکە کوژران، هەروەها ئێوارەی رۆژی هەینی ئیران وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی سەر ئیسرائیل ژمارەیەک مووشەکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد.
PM:05:43:14/06/2025
ئهم بابهته 364
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت