دەست بەسەر 3 ملیۆن دۆلار و 700 ملیۆن دیناری حەمەد جومەیلیدا گیرا
وێستگەنیوز-
درەنگانی شەوی رابردوو، هێزە ئەمنییەکان لە قەزای شەرگاتی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیان بۆ سەر ماڵی بەرپرسێکی باڵای کەرتی نەوت ئەنجامدا و بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیریان کرد.
سەرچاوە ئەمنییەکان رایانگەیاند، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی د.حەمەد رەمەزان عەباس جومەیلی، بەرپرسی ئەندازیارانی پاڵاوگەی نەوتی بێجی و لە ئەنجامدا ناوبراو دەستگیرکراوە، لە کاتی پشکنینی ماڵەکەشیدا، دەست بەسەر بڕی 3 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و 700 ملیۆن دیناری عێراقیدا گیراوە، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی گرانبەها لە جۆری کادیلاک.
سەبارەت بە چۆنیەتی ئەنجامدانی کارەکە، قایمقامی قەزای بێجی ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم پرۆسەیە دوای بەدواداچوونی ورد و کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی تۆکمە لەسەر ئەو بەرپرسە جێبەجێ کراوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم رووداوەدا عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق لەدوای دەستگیرکردنی رایگەیاندوە، کە ژمارەیەک بەرپرس و فەرمانبەری دیکەی پاڵاوگەی بێجی لە ناو هەمان دۆسیەی گەندەڵیدا تێوەگلاون.
لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵ دەستگیرکراوەکە و تۆمەتبارانی دیکەی دۆسیەکە بەردەوامە، بە مەبەستی ئاشکراکردنی تەواوی وردەکارییەکانی ئەو تێوەگلانە داراییانەی لە پاڵاوگەکەدا ئەنجامدراون.
AM:09:15:06/07/2026
ئهم بابهته 160
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت