سەرایا سەلام چەکەکانی رادەستی حکومەتی عێراق دەکاتەوە


وێستگەنیوز –

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026، هێزەکانی سەرایا سەلام لە شاری سامەرا، وەک یەکەم گروپی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی دەستیان کرد بە رادەستکردنی چەک و کەرەستە سەربازییەکانیان بە حکومەتی فیدراڵی عێراق.


بەپێی زانیارییەکان، پرۆسەی رادەستکردنەکە چەک و تەقەمەنییە قورس و ناوەندەکانی سەرایا سەلام دەگرێتەوە کە رادەستی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و سوپای عێراق دەکرێن. ئەم هێزە کە لە سێ یەکە و چوار هێزی گەورە پێکدێت، ژمارەی چەکدارەکانی لە نێوان 20 بۆ 50 هەزار کەس دەخەمڵێندرێت و پێشتر ئامادەیی خۆیان بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕیبوو.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوەی سەرایا سەلام، گروپی عەسائیبی ئەهلی حەقیش لە رۆژانی رابردوودا ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ رادەستکردنی چەکەکانیان.

وەک دەزانرێت سەرایا سەلام لە دوای ساڵی 2014 و سەرهەڵدانی مەترسییەکانی داعش، ئەرکی پاراستنی شوێنە پیرۆزە ئایینییەکانی لە سنووری سامەرا لە ئەستۆ بووە و خاوەن پێگەیەکی بەهێزی سەربازی بوون لەو ناوچەیەدا.

ئەم گۆڕانکارییانە لەکاتێکدایە کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە هەموو گروپە چەکدارەکان کردووە چەکەکانیان رادەست بکەن، بەڵام تائێستا چەند گروپێکی دیار وەک (کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، بزووتنەوەی نوجەبا و حزبوڵڵای عێراقی) رەتیانکردووەتەوە بەدەم داواکارییەکەی سەرۆک وەزیرانەوە بچن و سوورن لەسەر هێشتنەوەی چەکەکانیان.


AM:09:59:04/06/2026








ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت