عەسائیب ئەهلی حەق بڕیاریدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەشدی شەعبی بپچڕێنێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 2ی حوزەیرانی 2026 گرووپی چەکداریی عەسائیب ئەهلی حەق کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکات بڕیاریدا چەک رادەستی دەوڵەت بکات و بچێتە ژێر فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق.


لە راگەیەندراوێکدا گرووپی چەکداریی عەسائیب رایگەیاند، "لەگەڵ داواکارییەکانی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی و لەژێر رۆشنایی هەڵوێستی نیشتمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی، هەروەها جێبەجێکردنێکی لێدوانەکانی پێشووی قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی گرووپەکە، سەرکردایەتی عەسائیب بڕیاری دا بە کۆتاییهێنان و پچڕاندنی پەیوەندیی پێکهاتە چەکدارییەکانی بە حەشدی شەعبییەوە و سنووردارکردنی چەک تەنیا لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا".

ئاماژە بەوەکراوە، "بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، گرووپەکە بڕیاریداوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی ناوەندی بە سەرۆکایەتیی حاجی جەواد تڵێباوی و ئەندامێتی رافد ساڵح عەلی، عەبدوڵڵا شاکر کامل و عەلی هەمزە کازم".

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەم لیژنەیە راسپێردراوە بە راپەڕاندنی سەرجەم رێکار و پێداویستییە تایبەتەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، کە خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە:

1. سەرژمێریکردن و ئامادەکردنی لیستی ناوی سەرجەم چەکدارەکان.

2. سەرژمێریکردنی چەک، کەرەستە و پێداویستییە لۆجستییەکان.

3. رێکخستنی پرۆسەی بەستنەوەی ئەم هێزانە بە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە شێوازێک کە لەگەڵ یاسا و پێداویستییەکانی دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەتدا بگونجێت.


PM:01:50:02/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو