چوارچێوەی هەماهەنگی: بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنیا لە دەسەڵاتی حکومەت و پەرلەماندایە
وێستگەنیوز-
شەوی رابردوو دووشەممە 1ی حوزەیرانی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی دەوریی ژمارە 279ی خۆی لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی و بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت، لە سەرەتای کۆبوونەوەکە جەخت کرایەوە لە دیاریکردنی سیستەمی سیاسی وڵات کە مافێکی تایبەتی و رەهای گەلی عێراقە، هاوکات ئاماژە بەوە درا بڕیاری شەڕ و ئاشتی بڕیارێکی نیشتمانیی سەروەرییە و تەنیا لە دەسەڵاتی دامەزراوە دەستوورییەکانە کە پەرلەمان و حکومەتی هەڵبژێردراو نوێنەرایەتی دەکەن، بەو پێیەی هەر کارێک لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە ئەنجام بدرێت، بە لادان لە یاسا و دەستوور لەقەڵەم دەدرێت.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەستەی حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمیی دەوڵەتە و بە تەواوی پابەندە بە دەستوور و یاسا و فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاری فەرمی درا بە بڕینی هەر جۆرە پەیوەندییەکی حەشدی شەعبی لەگەڵ لایەنە سیاسی، حزبی و کۆمەڵایەتییەکان، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 40ی ساڵی 2016 و پابەندبوون بە رێنماییەکانی مەرجەعیەتی باڵا بۆ پاراستنی بێلایەنی ئەو دامەزراوەیە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، پاڵپشتی تەواو بۆ پڕۆژەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەربڕدرا و جەخت لەسەر بەردەوامی هاوکارییەکانی حکومەت لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرایەوە بۆ تەواوکردنی پرۆسەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.
لە کۆبوونەوەکەدا، هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەسەڵاتی تەواویان بەخشییە سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ گرتنەبەری هەموو بڕیار و رێوشوێنێکی پێویست کە پارێزگاری لە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بکات.
AM:09:05:02/06/2026
ئهم بابهته 328
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت