نوێترین زانیاری لەسەر ئاگرەکەی شەوی ڕابردووی تانجەرۆ، ژمارەی بریندارەکان و زیانەکان
وێستگەنیوز ـ
شەوی ڕابردوو ئاگرێکی گەورە و مەترسیدار لە یەکێک لە کۆگاکانی سووتەمەنی لە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی کەوتەوە، بەهۆیەوە زیاتر لە ٢٠ کەس بریندار بوون و زیانێکی زۆری ماددی بەر کۆگاکە کەوتووە، بەرپرسانیش دڵنیایی دەدەنە شۆفێران کە ڕووداوەکە نابێتە هۆی گرانبوونی نرخی سووتەمەنی.
کاتژمێر 11:57 خولەکی شەوی ڕابردوو 17ـەی ئابی 2026، ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە تانجەرۆ کەوتەوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان و گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان، هۆکاری سەرەکی ئاگرەکە بۆ سەتڵێک بەنزین دەگەڕێتەوە کە لە دەستی کەسێکدا بووە و دواتر بووەتە هۆی هەڵگیرسانی ئاگر و دروستبوونی تەقینەوەی زنجیرەیی لە ناو کۆگاکەدا.
بڵێسە و دووکەڵی ئاگرەکە هێندە بەهێز بوو، لە دوورترین ناوچەکانی وەک چەمچەماڵ و پێنجوێنیشەوە بینراوە.
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی سلێمانی ڕایگەیاند: تیمەکانمان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و چارەسەری سەرەتاییان بۆ بریندارەکان کردووە
.
بەپێی دوایین ئامارەکانیش، ٢٣ کەس بریندار بوون، کە زۆربەیان کارمەندانی بەرگریی شارستانین و بەهۆی کاریگەریی دووکەڵەکەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون.
لە ئێستادا تەنها یەک بریندار لە نەخۆشخانە ماوەتەوە کە هاووڵاتییەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ڕێژەی سووتاوییەکەی ٪٨٣یە، هیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدانیش تۆمار نەکراوە.
هەروەها ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستادا ئاگرەکە بەتەواوی کۆنترۆڵ کراوە و ناوچەکانی دەوروبەریشیڤ بە تەواوی پارێزراون.
ئەو کۆگایەی ئاگری تێدا کەوتووەتەوە، ٣٤ خەزانی گەورەی تێدایە و بڕی سێ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار لیتر سووتەمەنی (بەنزین و گاز)ـی تێدا کۆکراوەتەوە، لە کاتی ڕووداوەکەدا ٣٠ تانکییان پڕ بووە لە بەنزین.
سەرباری گەورەیی ڕووداوەکە، شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە ئەمە نابێتە هۆی دروستبوونی قەیران.
جەخت دەکرێتەوە لەوەی چەندین کۆگای دیکەی گەورە لە دەوروبەری ئەو ناوچەیە هەن و زەرەریان پێ نەگەیشتووە، بۆیە دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە سلێمانی بەردەوام دەبێت و نرخەکان وەک خۆیان دەمێننەوە.
AM:08:39:18/08/2026
ئهم بابهته 316
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت