هێمن هەورامی: هیچ بیانوویەک بۆ کارا نەبوونی پەرلەمان نەماوە و نادیدەگرتنی دەنگی خەڵک قبوڵ ناکرێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی تەمووزی 2026، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام پێشوازی لە هیتۆشی ئیشیزوکا، کونسوڵی ژاپۆن و تۆمۆهیرۆ ماتسوشیما، راوێژکاری سیاسی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێم کرد.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، هێمن هەورامی لە دیدارەکاندا جەختی لەوە کردووەتەوە کە قۆناغی بیانووە سیاسی و یاساییەکان بۆ کارا نەبوونی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هاتووە و لە ئێستادا هەمووان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی نیشتیمانی گەورەدان بۆ پاراستنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.
هێمن هەورامی روونیکردەوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی 20 مانگی رابردوودا هەموو هەوڵێکی داوە تاوەکو لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە پەرلەمان دەستبەکار بێتەوە، بەڵام چەندین ئاستەنگ و رێگری خراونەتە بەردەم پرۆسەکە بە ئامانجی نادیدەگرتنی ئەنجامە راستەقینەکانی هەڵبژاردن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، پەکخستنی پەرلەمان بە واتای "بە بارمتەگرتنی" گەورەترین دامەزراوەی یاسایی هەرێم دێت و ئەوەش بێڕێزییە بە دەنگی هاووڵاتییان، وتیشی: "پارتی ئامادەیی تەواوی هەیە بەشداری لە دانیشتنەکانی پەرلەمان بکات، هەروەها هەر لایەنێکیش خۆی بە زۆرینە دەزانێت، پێویستە لە ناو پەرلەمانێکی کارادا گفتوگۆ بکات نەک رێگری لە کارەکانی بکات".
لە کۆتایی دیدارەکاندا، هێمن هەورامی تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە و شیکردنەوەی بۆ هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە رووداوەکان بۆ دیپلۆماتکارە بیانییەکان کرد.
PM:03:45:08/07/2026
ئهم بابهته 128
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت